Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیوا عەبدولخالق: بەغدا بە رێككەوتنەكەی شنگالەوە پابەند نییە

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق رایگەیاندووە، ئەوان پابەندن بە رێككەوتنی شنگال و ھیچ دیاردەیەكی چەكداری لە شنگال نییە، نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش لەو ژوورە دەڵێ، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ رێككەوتن، بەڵام حكوومەتی عێراق پابەندی رێككەوتنەكان نابێت.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە  ژووری ھاوبەشی ئۆپەراسیۆنی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "حكوومەتی عێراق بڕیار بوو لە یەكی چوارەوە رێككەوتنی شنگال  جێبەجێ بكات و ھێزە ناشەرعییەكان دەربكات، بەڵام تاوەكو ئێستا ھیچ باسێكی نییە بۆ جێبەجێكردن و رێككەوتنەكە وەكو خۆی ماوە، كە ھۆكاری جێبەجێنەكردنیشی، حكوومەتی عێراقە، ئەگەر نا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە".

تەڵعەت گوتیشی: "رێككەوتن لەبارەی ناوچە كوردستانییەكانی دیكەش هەیە، لەوانە كەركووك، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەكراوە، كە لە ئێستادا مەترسی لەسەر كەركووك ھەیە و ئەگەر دۆخەكە بەو جۆرە بەردەوام بێت و چارەسەر نەكرێت، لە داھاتوودا داعش ھێرشی سەر كەركووك دەكات، چونكە داعش زۆر بەھێز بووە لە ناوچە كوردستانییەكان و حكوومەتی عێراقیش تا ئێستا ئامادەی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان نییە".

 

بڵند ئیبراھیم