Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەیبەت وشکۆی وڵات

یونس حەمەد

وڵات یاخوود قەوارە چوارچێویەکی یاسایی کۆدەکاتەوە بۆ بەڕێوەبردن و گەشەسەندن و دواتر گەیشتن به دابینکردنی ئارامی بۆ تەواوی وڵات، لەم سوونگەدا هاوڵاتی به پلەی یەکەم سوودمەند دەبێت لە ئارامی و ئاسایشی وڵات، جا لێرەدا زۆرجاران لەملاو لەولا هەوڵی ئەوە دەدرێت که سەقامگیری و ئارامی وێڕای ئاژاوەگێری باڵ بەسەر وڵات یاخوود قەوارە بگرێت که دواجار دەستی دەرەکی به سانایی دەتوانێت جێگای خۆی لێ بکاتەوە و دەستیش لە کاروبار و جومگه گرینگەکانی دەوڵەت و میری وەربدات. چەند ڕۆژێك بەر له ئێستادا دەستێك وویستیان دەست بەسەر پاشانشینی ئوردن بگرن بۆ نانەوەی ئاژاوە وەک ئەوەی 10 ساڵ پێش ئێستا هەندێك له شەقامی عەرەبی گرتەوە، بەڵام هەر زوو ئەم دەستە ئاشکرابوون و دەستگیرکران که دواتر به پاڵپشتیەکی  نێودەوڵەتی زۆرەوە وڵاتان پشتگیریان له دەسەڵاتی شەرعی پاشانشین کرد و بووە مایەی پاڵپشتی زیاتر بۆ ئایندەی ئوردن. وانە و خوێندنەوە بۆ ئەم پرسە گرینگه که سوودی لێ وەربگیرێت و هەیبەت و شکۆ بۆ وڵاتیش وەك پرسێک هەمیشە له پێشینەدا بێت، خزمەتکردن و دابینکردنی سەقامگیری و ئاسایشی وڵات له ئەستۆی دەسەڵاتی میری یه و روانگەی جێبەجێکردنی یاساکان دەتوانرێت وڵات له گێرەشێوێنی و ئاژاوە پاک بکرێتەوە، چونکه ئەگەر هەر دەسەڵاتێك کێماسی و کەمترخەم بوو لەم بابەتەدا ئەوە دەستە شاراوەکان دەرفەت دەقۆزنەوە بۆ کردنەوەی دەرگای سیخوڕی و نانەوەی ئاژاوە و تێکدانی ماڵی گشتی و وێڕای دەست خستنه نێو دەستی دەرەکی، ئەمەش به زیان بۆ پرنسیپەکانی بەڕێوەبەردنی وڵات دەشکێتەوە و دواتر فەزایەك له نا سەقامگیری و نا ئارامی وڵات دەگرێتەوە و دەوڵەت و دەزگا یاساییەکانیش دەگەڕێنەوە خاڵی سفر که هاوڵاتی متمانەی به ئایندەی خۆی نامێنێت و هەروەها دەزگاکان دەکەونه ژێر پرسیار و وێڕای کاریگەرییە گرینگەکان لە جومگه دەسەڵاتدارییەکان کەم دەبنەوە. هەیبەتی وڵات بریتیە له چاوکراوەیی دەزگا پەیوەندیدارەکان و هەر جموجۆڵێکی نائاسایی ونایاسایی،  پێویستە هەڵوەستەی لەسەردا بکریت، چونکه ئەو هەیبەتە که وڵات هەیەتی به چاوکراوەیی دام و دەزگاکان متمانه دەبەخشێتە تاک وکۆمەڵ، لەم چوارچێوەیەشدا ئارامی باڵ بەسەر ژیانی هاوڵاتیاندا دەگرێت، جا ئەوەی لە ئوردن روویدا وانەیەکە پێویستە بکرێتە پرێنسیپ بۆ بنچینه سەرەکیەکانی حکومڕانی، چونکه بوونی ئاژاوە و نا سەقامگیری شەقام دەرفەت دەداتە کەسانی سیخوور و بۆ ئاژاوەگێری سوودی لێوەردەگرن که دواتریش دەستە شاراوەکان دەگەنه ئەو شوێنه که دواتر هەر چ شکۆ و هەیبەتی وڵات هەیه لەناو دەبرێت و دەزگا سیخوڕیەکانیش بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی خۆیان دەپێکن و گەلیش به زەرەر و زیانێکی زۆرەوە دێتە دەرەوە.