Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی ناوخۆ دوابڕیار لەبارەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان دەدات

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ هاتوچۆی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە و گوتەبێژی هاتوچۆش دەڵێ، لە رۆژانی داهاتوودا وەزارەتی ناوخۆ دوابڕیار لەسەر چارەنووسی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان دەدات.

عەمید ئەسعەد كەریم، گوتەبێژی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ هاتوچۆی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هاتوچۆی پارێزگاكان كۆدەبێتەوە، بۆ ئەوەی بۆچوون و پێشنیازی هاتوچۆی شارەكان لەبارەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان وەربگرێت، چونكە لە رۆژانی داهاتوودا وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ هاتوچۆی هەرێم بڕیاری كۆتایی لەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەوە دەدات".

گوتەبێژی هاتووچۆی هەرێمی كوردستان دەشڵێت: "دوای بڕیاری حكوومەت بۆ سەرژمێریكردنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان، زیاتر لە 19هەزار ئۆتۆمبێل فۆرمیان پڕ كردووەتەوە".

عەمید ئەسعەد هەروەها روونی كردەوە: "وەزارەتی ناوخۆ لە ئایندەیەكی نزیكدا چارەنووسی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان دیاری دەكات، بێگومان هەر بڕیارێك بدرێت، لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندا دەبێت، چونكە حكوومەت مەبەستیەتی كێشەی ئەو ئۆئۆمبێلانە چارەسەر بكات".

 

قائید میرۆ