Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فازڵ نەبی: پڕۆژەیاسای بودجە سێ خاڵی گرنگی بۆ کورد تێدایە

ھەولێر-KDP.info- بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، سێ خاڵی گرنگی بۆ کورد تێدایە، کە مانگانە ١٠٠ملیار زیاتر بۆ ھەرێم رەوانە دەکرێت، لەگەڵ دانپێدانانی حکوومەتی عێراق بە فرۆشتنی نەوتی ھەرێم و بودجەش لە رۆژنامە بڵاو ناکرێتەوە و راستەوخۆ ئەم مانگە جێبەجێ دەکرێت، کە ھەرسێ خاڵەکە لە بەرژەوەندیی کورددان.

دکتۆر فازڵ نەبی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، حکوومەتی عێراق یاسایەکی باشی بۆ بودجە دانابوو، بەڵام بەداخەوە لیژنەی دارایی دەستکاریی زۆری کرد، چونکە سەرەتا پشکی ھەرێم ١٣ترلیۆن و٦٠٠ملیار دینار بوو، بەڵام کەمیان کردەوە، سەرباری ئەوەش، حکوومەتی عێراق وردبینیی بۆ دەکات و رەنگە پشکی ھەرێم ئەوکات دیار بێت بە تەواوی چەندە، بەڵام ئەو نەوت و داھاتەی ھەرێم دەیداتە بەغدا، جگە لەو پارەیەی بۆ ھەرێم دەگەڕێتەوە، مانگانە نزیکەی ١٠٠ملیار دیناریش بۆ ھەرێم زیاد دەبێت و بەغدا رەوانەی دەکات، ئەمەش بۆ ھەرێمی کوردستان خاڵێکی گرنگە.

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق گوتیشی، لە ڕووی یاساییەوە بەغدا دانی بە فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستاندا ناوە و ھەرێمی کوردستانیش لەمەودوا ئازادە چۆن نەوتی خۆی بفرۆشێت، بۆیە دانپێدانانێکی راستەوخۆیە و جگە لەوەش، بڕگەیەک لە بودجە زیاد کراوە کە بودجە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق  بڵاو ناکرێتەوە و ئەم مانگە راستەوخۆ جێبەجێ دەکرێت، کە ئەو خاڵانە، گرنگیی زۆریان بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە.

دەشڵێ، ئەو ساردییە سیاسییەی لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەبوو، ئەویش نەما و لەمەودوا دەتوانن زیاتر گفتوگۆ لەسەر پرسەکان بکەن و ئاسانتر چارەسەریان بکەن.

 

بڵند ئیبراھیم