Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

خەبات: ئەرشیفی بەرخودانی گەلێک

سه‌لام عه‌بدوڵڵا

ئەمڕۆ شەست و دوو ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەمین ژمارەی رۆژنامەی "خەبات"دا تێدەپەڕێت، ئەو ژمارەیەی کە لە4/4/1959دا لە شاری بەغدای پەیتەختی عێراق، بە زمانی کوردی بڵاو کرایەوە. لەو رۆژەوە تا بە ئەمڕۆ، خەبات بە ئاشکرا و بە نهێنی، لەشار و لەشاخ لەکاتی شەڕ و ئاشتیدا بۆتە ئەرشیفێکی مەزن بۆ تۆماری مێژووی گەلەکەمان لە خۆشی و ناخۆشیدا، لەسەرکەوتن و نووچدانیدا و لە رۆژگاری سەخت و دەستکەوتەکانیدا و لەداکۆکی و سازش نەکردن لە داوا رەوا و مافەکانیدا، هەربۆیە بۆتە ئاوێنەیەکی روون و بێگەردی خەبات و بەرخودانی گەلەکەمان و پارێزەری متمانە پێکراوی هەموو ئەو رووداو و کارەسات و تراژیدیانەی بەسەر نەتەوەکەماندا هاتووە لە دووتوێی لاپەرەکانیدا تۆمار کراوە کە سەرچاوەیەکی  گەلێک گرنگ و بەبایەخە بۆ هەموو ئەوانەی لە مێژووی گەلەکەمان دەکۆڵنەوە و توێژینەوەی لەسەر دەکەن و سامانێکی نەتەوایەتی گەلێک مەزنیشە و جێی شانازییە بۆ میللەتەکەمان. 

لەگەڵ هەموو ئەو راستییانەشدا، دەبێ ئەوەش بلێین کە ئەم سامانە بەنرخە ئەمڕۆ لەمەترسی لەناوچووندایە، چونکە زۆربەی ئەو ئەرشیفە ئێستا لە سندوق و شڕەکارتۆن و لەژێرزەمینیدا بێ ناز کەوتووە و لەقۆناغی لەناوچووندایە کە بە هیچ جۆرێک قەرەبوو ناکرێتەوە لەحاڵەتی لەدەستدانیدا.  

وەنەبێ ئێمە وەک کارمەندانی خەبات و بەرپرسانی، ئەم مەترسییانەمان نەخستبێتەڕوو.

ئێمە لەوتاری خۆماندا، لەیادی (60) ساڵەی تەمەنیدا، ئەم راستییانەمان ڕاشکاوانە بەرانبەر بەرپرسانی باڵای حزب و میوانانی بەڕێز بە ئاشکرا درکاند و ئەو مەترسییانەمان خستەڕوو کە دەبێ بە زووترین کات فریای ئەو ئەرشیفە بکەوین و لە لەناوچوون رزگاری بکەین،  ئەویش بە بەئەلیکترۆنی کردنی هەموو ئەو ئەرشیفە کە کارێکی هێندە سەخت نییە ئەمڕۆ و بە ئاسانی دەکرێت و تەنیا لەو رێگەیەشەوە ئەو سامانە مەزنە لە لەناوچوون قوتار دەبێت.

ئیدی بەهیوای هیمەتێکی خێرا بۆ ئەو کارە پیرۆزە.