Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی نێچیرڤان بارزانی بەبۆنەی پەسەندكردنی بودجەی عێراقه‌وه‌

هەولێر-KDP.info- سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌په‌یامێكدا رایگه‌یاند: په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ ده‌توانێت سه‌ره‌تایه‌كی باش و هانده‌ری چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵ بێت.

دەقی پەیامەكە:

بەبۆنەی پەسەندكردنی بودجه‌ى عێراقه‌وه‌، پیرۆزبایى له‌ گه‌لى عێراق و دەستخۆشی لە سەرۆكایەتى و هەموو فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەم. هەوڵەكانی سەرۆك وەزیران بەڕێز مستەفا كازمی بۆ كەمكردنەوەی ناكۆكییەكان و ڕێككه‌وتن، مایه‌ى ڕیز و سوپاسن. بۆ چارسه‌ركردنى كێشه‌كان و سه‌قامگیرى و ئاوه‌دانى و ئاینده‌یه‌كى باشتر، عێراق پیویستى به‌ هاریكاریى هاوبه‌ش و كارى پێكه‌وه‌یى هه‌یه‌ و ده‌بێ هه‌موومان پشتیوانى له‌و ئاراسته‌یه‌ بكه‌ین.

ده‌ستخۆشییه‌كى تایبەت لە بەڕێز قوباد تاڵەبانی سەرۆكی شاندی دانوستاندنكاری حكوومەت دەكەم كە له‌گه‌ڵ ئەندامانی شاندی هەرێمی كوردستان به‌ پشوودرێژی و سه‌ركه‌وتووانه‌ دانوستاندنێكی سەختیان تێپەڕاند. دەستخۆشی لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان ده‌كه‌م كە هاوكار و پشتیوانی یەكتر و شاندی حكوومەت بوون بۆ جێگیركردنی بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراقدا.

هیوادارین هه‌موو لایه‌ك پابه‌ندى یاساكە بن. په‌سه‌ندكردنى بودجە دەتوانێت سەرەتایەكی باش و هاندەرى چارەسەركردنی كێشەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵ بێت. جێبه‌جێكردنى یاساكه‌ دەبێته‌ هۆی بەهێزكردنەوەی پرۆسەی سیاسی و پێكه‌وه‌ژیان و چەسپاندنی مافی هاووڵاتیبوون بۆ هەمووان. دەرگای گفتوگۆیەكی بەرهەمدار بۆ هەموو لایەنەكان ده‌كاته‌وه‌ تا پێكه‌وه‌ له‌پێناو سەقامگیری و ئاوەدانی و پێشكه‌وتنى وڵاتدا كار بكه‌ن.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

2021/4/1