Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی ناوخۆ: ئەم بەیانە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەكرێت

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە نووسراوێكی فەرمیدا پێنج بڕیاری نوێی لەبارەی مۆڵەتی شوفێریی نێودەوڵەتییەوە دەركردوون و دەڵێ، تەنها خاوەنی ئەم مۆڵەتە رێگەپێدراوە بە ئۆتۆمبێل گەشت بكات بۆ دەرەوەی وڵات، لەگەڵ ئەو مۆڵەتە نێودەوڵەتییانەی كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی حكومەتی فیدڕاڵ دەرچووبێت و كار بە هیچ مۆڵەتێكی تر ناكرێت‌.

وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە نووسراوێكی فەرمیدا، كە وێنەیەكی دراوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاندووە: "پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە لە وەزارەتی ناوخۆ، بڕیارمان دا بە بەكارهێنانی نموونەی نوێی مۆڵەتی شوفێریی نێودەوڵەتی بۆ شوفێران".

لە بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆدا ئەوەش هاتووە: "بڕی (50) هەزار دینار وەكو ڕسوماتی دەركردنی مۆڵەتی شوفێریی نێودەوڵەتی بۆ هەر ساڵێك وەردەگیرێت."

لە بەشێكی تری بڕیارەكەشدا روون كراوەتەوە: "دەركردنی مۆڵەتی شوفێریی نێودەوڵەتی، تەنها بە واژۆی بەرێوەبەری گشتیی هاتوچۆ دەبێت و تەنها خاوەنی ئەم مۆڵەتە رێگەپێدراوە بە ئۆتۆمبێل گەشت بكات بۆ دەرەوەی وڵات، لەگەڵ ئەو مۆڵەتە نێودەوڵەتییانەی كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی حكومەتی فیدڕاڵ دەرچووبێت و كار بە هیچ مۆڵەتێكی تر ناكرێت".

لە كۆتایی بڕیارەكەدا، وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ: "ئەم بەیانە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەكرێت و لە رۆژنامەی وەقائیعی كوردستان بڵاو دەكرێتەوە".

 

نەشوان بەرزنجی