Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سامان به‌رزنجى: 43 هه‌زار ژه‌مه‌ ڤاکسینى ئاسترانزێنیکا ده‌گاته‌ هه‌رێمى کوردستان

هەولێر-KDP.info- وه‌زیرى ته‌ندروستیى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌ڵێت, له‌و 336000 هه‌زار ژه‌مه‌ ڤاکسینه‌ى که‌ بڕیاره‌ سه‌ینێ بگاته‌ عێراق، 43000 هه‌زارى  پشکى هه‌رێمى کوردستانه ‌و له‌ هه‌مان ڕۆژ ده‌گاته‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و به‌پێى ڕێنماییه‌کان ده‌ست به ‌دابه‌شکردنى ده‌کرێت.

د. سامان به‌رزنجى, وه‌زیرى ته‌ندروستیى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، به‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: "ئه‌و ڤاکسینه‌ى که‌ ده‌گاته‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان له‌ جۆرى ''ئاسترازێنیکا''یه‌ و له‌ دامه‌زراوه‌ى کۆڤاکسى نێوده‌وڵەتى کڕدراوه‌ و له ‌ڕووى ته‌ندروستییه‌وه‌ ڕێگه‌پێدراوه و له‌گه‌ڵ ڤاکسینى ''سینۆفارم'' جیاوازییەکى ئه‌وتۆیان نییه‌ و ته‌نها له ‌جۆرى به‌رهه‌مهێنانى کۆمپانیاکاندا نه‌بێت که‌ ئه‌وه‌ى پێشوو چینییه و ئه‌مه‌یان به‌ریتانیاییه‌, خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌و ژه‌مه‌ ڤاکسینانه‌ى که‌ پێشتر درابوو به‌ کارمه‌ندان و ته‌ندروستکاران له ‌هه‌رێمى کوردستان هیچ کێشه‌یه‌کیان نه‌بووه و‌, له ‌ڕێگه‌ى زانستییەوە به‌کار هێنراون".

به‌رزنجى گوتیشى: "پشکى پارێزگاکانى هه‌رێمى کوردستان له‌و 43 هه‌زار ژه‌مه‌ ڤاکسینه‌ى که‌ ده‌گات به ‌هه‌مان میکانزمى پێشوو ده‌بێت, به‌پێى ستاندارى سیستمى دابه‌شکردنه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان بۆ هه‌موو جۆره‌کانى پێداویستیى پزیشکى و ده‌رمان و له ‌به‌غدا سیستمێکى دابه‌شکرنى هاوبه‌ش هه‌یه‌ هه‌ردوو لا پێوه‌ى پابه‌ندین و تا ئێستا له‌و ڕووه‌وە هیچ کێشەیه‌ک نه‌بووە."

سه‌باره‌ت به ‌دۆخى ئێستاى هه‌رێمى کوردستان و ژماره‌ى توشبووان به‌ جۆره‌ نوێیه‌که‌ى ڤایرۆسى کۆرنا, وه‌زیرى ته‌ندروستیی حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ڕوونى کرده‌وه: "ڕێژه‌ى توشبووان به‌ کۆرۆناى گۆڕاو ڕووى له ‌به‌رزبوونه‌وه‌ کردووه‌, ئه‌و ڕێژه‌یه‌شى که ‌ئه‌مڕۆ وه‌ک ئامارى توشبووان و گیانله‌ده‌ستدان بڵاوى ده‌که‌نه‌وه‌ ده‌ری ده‌خات که‌ 10./.ی ڕێژه‌که‌ به‌رز بووه‌ته‌وه‌."

 

ئەرسەلان ئەحمەد