Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژه یاسای دادگای فیدڕاڵی په‌سند کرد

بەغدا-KDP.info- ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ژمارە ٤٥ی ئاسایی وەرزی یەکەمی یاسادانان بۆ ساڵی سێیەم لە خولی چوارەمی ھەڵبژاردنی خۆیدا، هەمواری یاسای ژمارە ٣٠ ساڵی ٢٠٠٥ی دادگای فیدڕاڵی پەسەند کرد.

دوای بایکۆتکردنی دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران لەلایەن فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی هیوا کە لە ئەندامانی فراکسیۆنەکانی گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی پێکدێت، لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکان، ئەنجوومەنی نوێنەران نەیتوانی پرۆژە یاسای دادگای فیدڕالی پەسەند بکات کە لە دانیشتنەکانی پێشوویدا بەشێک لە ماددەکانی پەسەندکردبوو، لە بەر ئەوەی بەپێی ماددەی ٩٢ی دەستووری عێراق پەسەندکردنی ئەو پرۆژەیاسایە پێویستی بە سێ لەسەر چواری دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران هەبوو، بۆیە بە ناچاری هەمواری یاسای ژمارە ٣٠ ساڵی ٢٠٠٥ دادگاکە خرایە دەنگدانەوە و پەسەند کرا.

بە پەسەندکردنی هەمواری یاسای ژمار ٣٠ ساڵی ٢٠٠٥، پێکهاتەی دادگای باڵای فیدڕالی وەک خۆی مایەوە کە لە نۆ ئەندام پێکھاتووە کە سێ شیعە، دوو سوننە، دوو کورد، تورکمانێک و مەسیحییەك.

بەپێی ماددەی ٩٣ لە دەستووری ھەمیشەیی عێراق، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی دادگاکە بریتییە لە پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکان، بۆیە پەسەندکردنی ئەم هەموارەی پرۆژە یاساکە، هەنگاوێکی تەواوکارییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە کە بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ئەنجام بدرێت.

بەپێی ماددەی ٩٤ لە دەستووری ھەمیشەیی عێراق، سەرجەم دەسەڵاتەکانی عێراق پابەند و ملکەچن بۆ بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی و بڕیارەکانی یەکلاییکەرەوەیە و ھیچ تانەیەکی لێ نادرێت بەو پێیەی بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە وڵاتدا.

 

میدیا