Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لەمەودوا کرێی کارەبا لە رێگەی سیستمی زیرەکەوە وەردەگیرێت

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سیستەمی زیرەکی پەسەند کردووە و گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، لەمەودوا کرێی کارەبا لە رێگەی سیستمی زیرەکەوە وەردەگیرێت.

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، وەزارەت سیستمی زیرەکی پەسەند کردووە و تا ئێستا 550 هەزار بەشداربوو پێوەری زیرەکیان گرێ داوە و بڕیاریشە تا کۆتایی ئەمساڵ، هەموو بەشداربووانی کارەبا سیستمی زیرەک گرێ بدەن.

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەشڵێت، لەمەودوا کرێی کارەباش لە رێگەی سیستمی زیرەک وەردەگیرێت و لە پێوەری ماڵان خوێندنەوە بۆ بەکارهێنانی کارەبا ناکرێت، بەڵکو لە رێگەی ئەو سمارتەی دانراوە، کارەبا هەژمار دەکرێت.

ئەحمەد روونیشی کردەوە، خوێندنەوەی کارەبا لە رێگەی سیستمی زیرەکەوە، عەدالەتی تێدایە، چونکە کەس ناتوانێ دەستکاری خوێندنەوە بکات، خوێندنەوەی سەر پێوەری ماڵان زۆر جار هەڵەی تێدایە و هەندێک جار ستەم لە حکوومەت و هەندێک جاریش لە هاووڵاتی دەکرێت، لەبەر ئەوەش باشترین رێگا خوێندنەوەیە لە رێگەی سیستمی زیرەکەوە.

 

قائید میرۆ