Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھاوسەرۆکی ھەدەپە: بۆ ئێمە بارزانی مەرجەعێکی گەورەیە

ئامەد- KDP.info -  هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان ''هەدەپە''، میتحەت سانجار، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەبارەی چەندین پرسەوە باسی دۆخی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و هزر و بیری ژەنەراڵ بارزانی نەمر و چەندین بابەتی ڕۆژەڤی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان دەکات.

هەڤپەیڤینەکە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان کردوویەتی، ئەمەش دەقەکەیەتی:

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: ئێستا ئێوە ڕەوشی کوردان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

میتحەت سانجار: پێش هەموو شتێک دەمەوێ ئەوە دیار بکەم کە ڕووداوەکانی مێژووی سەد ساڵی ڕابڕدوو لە قۆناغێکی بەپەلەوە دەرباز بوون، بێگومان بۆ مێژووی کوردیش دەرباز بوون، لەبەر ئەوەش سەد ساڵی ڕابردوو بۆ کورد سەد ساڵی زۆر دژوار بوو، سەد ساڵی ڕابردوو بۆ گەلی کورد سەد ساڵی تێکۆشینی بەردەوام بوو، ئێمە ئەنجام و کاردانەوەکانی ئەمڕۆش دەبینین، سەد ساڵە مافە بنچینەییەکانی گەلی کورد لەلایەن هێزە سەردەستەکانەوە بنپێ دەکرێن، سەد ساڵە گەلی کورد ڕووبەڕووی هێرش و ناحەقی و کۆمەڵکوژی دەبێتەوە، بەڵام گەلی کورد هیچ جارێک ئەم ژێردەستی و ناحەقیەی قبووڵ نەکردووە، بەرانبەر ئەم سڕینەوە و ئینکار و ‌هەڕەشە و کۆمەڵکوژییە لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەد ساڵە بۆ ئازادی و هێنانەدێی یەکسانی تێ دەکۆشێت، ئەم تێكۆشانە هەمیشە لەلایەن داگیرکەرەکانەوە تەزویر کراوە و ڕێگریی لێ کراوە، لەم چەند ساڵەی دواییدا گەلانی ژێردەست زیاتر هەستیان بەم پلانە قڕێژە کردووە، لە بەرانبەر ئەم پلانانەدا کەوتوونە هەوڵ و وەڵاتانی ئقیلیمی بە هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە لەنێو تفاق و سازاندا ‌هەڕەشەکانیان بەردەوامە، بەڵام ئەو سەردەستییەی کە لەسەر کوردەکان ماوە، نە هێزی وەڵاتانی داگیرکەرە و نە هاوپەیمانەتییە نێودەوڵەتییەکانیشە، ئەوەی هەری زیاتر ئەوان هێز لە پارچەبوونی گەلی کورد وەردەگرن، پارچەبوونی جڤاکی گەلی کورد بۆ ئەوان دەبێتە فورسەتێکی گەورە، هەر لەبەر ئەوە بۆ ئەوەی بتوانن هەمیشە دەسەڵادارییەکەیان بەردەوام بکەن ئەوان هەمیشە جڤاکی کوردیان پارچە کردووە، کوردیان زیاتر پارچەکردووە و بەردەوامیشن، ئەمەش ڕیبازێکی داگیرکردنە، ئەویش ئەوەیە کە پارچە بکە و حکومەت بکە، هەر بەم موناسەبەش، گەلان لە دژی کۆلۆنیالیزم بەرخودانێکی گەورەیان ڕێک خست، گەلی کورد هەرچەند حەز و ئارەزووەکانی یەکێتیی خۆی ئاوەدان نەکردووە، بەڵام لە هەوڵداندایە، ئەم هەوڵدانە ئەمڕۆ لە ئاستێکی گەلێک پێویستدا وەک ئەرکێکە لەسەر گەلی کورد. ئێمە دەزانین ئەمە هێز دەدا بە گەلی کورد، هەروەها لەم ساڵانەی دواییدا بزووتنەوەی گەلی کورد پێشەنگیی تێکۆشانی لەهەمبەر داعش کرد و لە سەرانسەری جیهانیشدا زیاتر چووەتە پێش، هەرچەندە وەڵاتانی نێودەوڵەتی و هێزە ئیقلیمییەکان لەگەڵ گەلی کورد لەنێو هاوپەیمانەتییەکانیشدا بن، بەڵام هەمیشە لە سڕینەوەی گەلی کورد بەردەوامن و درێژە بە قرێژی و ناپاکی دەدەن. ئەمڕۆ دۆست و هاوڕێیانی کورد لە جیهاندا لە هەموو کاتێک زیاترن و، بۆ ڕاگرتنی دۆستایەتیی وەڵاتە گەورەکان پێویستی بە پەیمانییەکی نەتەوەییی کوردان هەیە، کوردیش بەهۆی تێکۆشانی بێسنووری خۆی لە دڵی جیهاندا حەزێکی گەورەی ئاوەدان کردووە، تێکۆشانی لە کۆبانێ کە پێشمەرگە و هێزەکانی کورد شانیان دایە بەر بۆ دەستپێکی لەنێوبردنی داعش، لە مێژووی گەلی کورددا ئەمە قۆناغێکی گرنگە، ئێمە بەم یەکێتییە شاد و بەختەوەرین، بەمەش بۆچوونی گەلانی جیهان بەرانبەر گەلی کورد بە شیوەیەکی گەورە گۆڕدرا، کورد ئەمڕۆ هەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەمیش لە جادەی نێودەوڵەتی ئەکتەرێکی گەورە و سەرەکییە، لەبەر ئەم سەرکەوتنە، کورد کاریگەریی لەسەر سیاسەتی جیهانی هەیە. پێویستە گەلەکەمان بۆ ئەمە زیاتر خۆی بەهێز بکات و دەستکەوتەکانی بپارێزێت، بە بۆچوونی ئێمە، یەکێتیی کورد لە هەموو دەستکەوتە سیاسییەکان گەورەترە و ئێمەش بۆ ئەم چەندە تێ دەکۆشین.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: ئێوە فکری نەتەوەییی ژەنەراڵ بارزانی نەمر وەک ڕێبەرێکی نەتەوەیی چۆن دەنرخێنن؟

میتحەت سانجار: جارێکی تر ڕێبەری نەمر بەڕێز مەلا موستەفای بارزانی بە ڕێزدارییەوە وەبیر دێنمەوە، بارزانی نەمر ژیانی خۆی بۆ ڕیگای ئازادیی گەلەکەی تەرخان کرد، ئەو بۆ ئێمە ڕێبەر و پێشەنگێکی نەمری گەلی کوردە. ئێمە دەزانین خۆی نەک تەنیا بۆ سەرهەڵدانی کورد بە تێکۆشانی خۆی خەملاند، بگرە کاریگەریی هەبوو لەسەر گەلانی تریش، ئێمە هیچ جارێک بارزانی نەمر و پێشەنگەکانی گەلی کورد لەبیر ناکەین و هیچ جیاوازییەکیش ناکەین لەنێوان ڕێبەر و سەرۆکەکانی گەلی کورد، بەڵام بە بۆچوونی خۆمان، بارزانی نەمر، نەک تەنیا بۆ پارچەیەکی کوردستان، بگرە بۆ هەموو کوردستان بە خەیاڵی ئازادی تێ دەکۆشا، ئێمە تێکۆشان و هەڵوێستەکانی وەک مانەوەی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد دەبینین، بارزانی نەمر هەم تێکۆشەر و هەمیش سیاسەتمەدارێکی گەورە بوو، دیپلۆماسی و شەڕ و سیاسەتی بۆ ئازادیی گەلەکەی دەکرد، ئێستاش ئەو هەوڵدانانەی بارزانی نەمر ڕێگای پێشان داین کە سیاسەت و دیپلۆماسیەت و پەیوەندی بە هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە ئەگەر بۆ ئازادیی گەلی کورد نەبێ ئەوا بە کەڵکی هیچ نایەت و زیانیش بە دۆزی گەلی کورد دەگەیەنێت، ئێمە دژی پەیوەندییەکانی کورد نین لەگەڵ وەڵاتان و هێزە هەرێمییەکان، بە بۆچوونمان ئامانجی میراتی بارزانی نەمر ئاوەدانکردنەوەی گەلی کورد و پاراستنی دەستکەوتی تێکۆشانی کوردان بوو، ئێمەش تێکۆشانی ئاوەدانکردنەوەی یەکێتیی نەتەوەیی لە هەمان کاتدا وەک ئەم میراتە تەماشا دەکەین، بە بۆچوونمان جیاوازییە سیاسییەکانی گەلی کورد دەوڵەمەندیی گەلی کوردە، ئەمەش هۆکاری پارچەبوون نییە، بەپێچەوانەوە بیانووی یەکگرتووییە.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: ئێوە یەکێتی و یەکڕێزیی گەلی کورد تا چەند بە گرنگ دەبینن؟

میتحەت سانجار: لەبەر گەلێک هۆکار گەلی کورد سەد ساڵی ڕابردوو بەنێو گەلێک ناخۆشیدا تێپەڕ بوو، ئەنجام و ڕەنگدانەوەی ئەو ئاڵۆزی و ناخۆشییانە ئێستاش بەردەوامن، لەگەڵ ئەو کێشانەش، گەلی کورد لە هەموو پارچەیەک بەرخودانێکی گەورەی کردووە، ئێستاش سیستمی سڕینەوە لە دژی گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین وک ڕابردوو بەردەوامە، لە دەستپێکیش ئاماژەم پێ کرد، بە بۆچوونی خۆم، بۆ پارتەکەی خۆم، یەکێتیی کورد نەک بژاردەیە بەڵکو نەچارییەکی مێژویییە، لەم سەد ساڵەدا، یان گەلی کورد ئازاد دەژی، یانیش لەنێو دەچێت، لەنێوچوون نەک بژاردەیە، بگرە ئێمە پێویستیمان بە سەرکەوتنە، بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە پێویستیمان بە یەکێتی و یەکڕێزییە، ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو کاتێک گەلەکەمان نزیکی ئازادی و سەرفەرازی بووەتەوە، ئەمڕۆ بۆ گەلی کورد و یەکێتیی گەلی کورد مەرجی سەرەکی پاراستنی دەستکەوتەکانە، ئەمڕۆ پاراستنی هەولێر لە کۆبانێوە دەست پێ دەکات، پاراستنی قامشلۆ لە پاراستنی شنگال دەست پێ دەکات، من نامەوێت ببمە هۆکاری ناهومێدی، بەڵام بەداخەوە کورد نەیتوانیوە یەکێتیی خۆی پێک بێنێت، لەبەر ئەوەش، ناتوانێت ئازادیی خۆی بەدەست بخات، ئەم مەسەلەیە ئەوەندە مێژوویی و گرنگ و ئەساسە، من خۆم لەبارەی ئەوە هیوادارام کورد لەنێو خۆیاندا یەکێتیی خۆیان ئاوەدان بکەن، لە کاتی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا دیتمان گەلی کورد بە هەستێکی نەتەوەیی هەستانە سەر پێ، لەم مەسەلەیەدا کەموکورتی لە پارتە سیاسییەکاندایە، گەلی کورد لەم مژارەدا پێشەنگایەتیی هەموومان دەکات، ڕێبەرایەتیمان دەکات، ئەرکی سیاسەتی نەتەوەپەروەری ئەوەیە لە دوای ئەم هەڵوێستەی گەل بچێت، هیوا و حەزمان ئەوەیە، ئێمە بۆ ئاوەدانکردنەوەی یەکێتیی گەلی کورد ئامادەین هەموو فیداکارییەک بکەین، ئێمە ئامادەین بۆ یەکێتیی کورد هەرچی شت لە دەستمان بێت، بیکەین، ئامانجمان ئەوەیە کوردان لەنێو خۆیاندا یەک بن لەگەڵ جیرانەکانیان بە ئاشتی بژین.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: ئێستا هەندێک هەڕەشە لەسەر هەرێمی کوردستان هەن، ئێوە پێگە سیاسییەکەی کوردستان و ئەم دەستکەوتە چەند بە گرنگ دەبینن؟

میتحەت سانجار: هەرێمی کوردستان لە دوای تێکۆشانێکی گەورە و دیرۆکی ئێستا خاوەن دەستکەوتێكی گەورەیە، پاراستنی ئەو دەستکەوتانە بۆ تەواوی گەلی کورد گرنگە، هەڵبەت ئێمە دەزانین زۆر کێشە لە هەرێم هەن، بەڵام بە بۆچوونمان، کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەبێ بە ڕێگا و ڕێبازی دیموکراتی چارەسەر بکرێن، لە سیاسەتدا پێوەری ڕەوابوونی بەڕێوەبردن پشتگیریی گەلە. لە لایەکی ترەوە، بابەتی ستاتۆی گەلی کورد لە هەرچوارپارچە هەیە، گەلی کورد لە هەرچوار پارچە بۆی هەیە کە بڕیار لە قەدەر و ئایندەی خۆی بدات، گەلی کورد نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان بگرە لە هەموو پارچەکانی کوردستان ژیانی بێ ستاتۆ قبووڵ ناکەت، لە هەموو پارچەیەک گەل بڕیار دەدات چۆن دەژی، ئەوە مافێکی سەرەکی و نەتەوەییە، مافی هیچ هێزیکی تر نییە تەداخولی ئەو مافە بکات، هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧ ڕیفراندۆمی دیاریکردنی ئایندەی خۆی بەڕێوە برد، وەک پارتیمان پشتگیریمان لەو پرۆسەیە کرد، لەبەر گەلێک هۆکاری مێژوویی و نێوخۆیی و لە سەرووی هەمووشیانەوە لەبەر ئەو هەڵوێستەی ڕژێمی تورکیا و ئاستەنگ دروستکردنی وەڵاتانی ئیقلیمی بۆ ئەو پرۆسەیە، بەڵام داوا ڕەواکانی گەلی کورد دیار بوو، ئەم داوایە هەر سەر دەکەوێت و گەلی کورد ڕۆژێک دەگاتە ئاواتی سەرەکیی خۆی و مافی خۆی بەدەست دێنێت.''

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: ئێوە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا لەسەر پرسی کورد چەند گرنگ دەبینن؟

میتحەت سانجار: مێژوو ڕۆڵێکی گەورە و گرنگی خستووەتە سەر شانی پێشەنگەکانی گەلی کورد، بەڕێز مەسعوود بارزانی لەم ساڵانەی دواییدا هەڵوێستێکی گرنگی پێشان دا، داخویانیی ''شەڕی براکووژی کۆتایی هات'' بۆ ئێمە ژێدەر و لێڤەگەر و مەرجەعێکی گەورەیە، ئێمە هیوادارین بەڕێز مەسعوود بارزانی ئەم هەڵوێستە بەردەوام بکات، کێشە ڕۆژانەکان لەنێو ڕێکخستنەکانی کورددا بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت، بۆ خاتری دیرۆکی گەلی کورد دەبێ ئێمە ئیسرار بکەین هەموو کێشەیەک بە ڕیگای دیالۆگ چارەسەر بکەین، هەروەها هیوا لە بەڕێز بارزانی دەکەین خۆی پێشەنگایەتیی چارەسەری کێشەی کورد بکات، کار لە ئاوابوونی ئاشتی بکات، ئێمە لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەڵاتانی ئیقلیمی تێ دەگەین و دەزانین هەرێمی کوردستان دۆست و نەیارەکانی لەبیر ناکات، پەیوەندیی هەرەگرنگیش بە تورکیاوە هەیە، دەبێ ئەم پەیوەندییە نەبێتە هۆکاری قوڵبوونەوەی کێشەی هێزەکانی کورد، بەڕێوەبەراتیی هەریمی کوردستانیش باش دەزانێت تورکیا دەیەوێ کێشە لەنێو هێزەکانی کوردستاندا دروست بکات، ناکۆکییەکان زیاتر بکات و لە دواییشدا هەڵوێستەکەی دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی گەلی کورد دیار بوو، لەبەر ئەوەش دەبێ هەنگاوهاویشتن لە میکانیزمەکانی نێوخۆی ئەنجومەنێکی کوردەوە بێت.

هەڤپەیڤەینی کاروان باعەدری