Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی ناوخۆ: دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری پێش دەخرێت

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆ گۆڕانکاری لە شێوازی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێریدا دەکات و گوتەبێژی هاتوچۆی هەرێمی کوردستانیش دەڵێ، دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری پێش دەخرێت.

عەمید ئەسعەد کەریم، گوتەبێژی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، هاتوچۆی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی گۆڕانکارییە له سیستمی دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری و لیژنەیەک خەریکی پێداچوونەوەیە بۆ دیاریکردنی سیستمی نوێی دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری، کە سیستمێکی پێشکەوتووە و کاریگەری لەسەر شێوازی دەرکردنی مۆڵەتی شوفێری دەبێت.

گوتەبێژی هاتوچۆی هەرێم دەشڵێت، پێشتر ئەم بابەتە کاری تێدا کراوە، بەڵام لەبەر هەبوونی هەندێ خاڵ لەنێو سیستمی نوێ، دوای هەموارکردنەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

عەمید ئەسعەد روونیشی کردەوە، لە سیستمی نوێدا زیاتر رۆڵ بە نووسینگەکانی فێرکردنی شوفێری دراوە، چونکە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان پێویستە نووسینگەکان هاوکاریی هاتوچۆ بکەن بۆ دروستکردنی شوفێر.

 

قائید میرۆ