Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی و جێگری کونسووڵی گشتیی پۆڵۆنیا سەردانە مێژووییەکەی پاپای ڤاتیکانیان تاوتوو کرد

ھەولێر-KDP. info- لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان پێشوازی کرا لە ستانیسواڤ گۆلینسکی، جێگری کونسووڵی گشتیی کۆماری پۆڵۆنیا لە هەرێمی کوردستان و هەریەک لە میدیاکارانی پۆلۆنی میخاو کواسۆڤسکی و ڤۆیچێخ ێزناخ لە تیمی میدیاکارانی پۆڵۆنی سەر بە پەیمانگای میدیای نوێی پۆڵۆنیا و گۆڤاری هەفتانەی (هەموو شتێکی گرنگ) کە بە تایبەت بۆ ڕووماڵکردنی دیداری مێژووییی قەداسەتی پایا فرەنسیس، پاپای ڤاتیکان، بۆ هەولێری پایتەخت، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستاڤی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بە گەرمی بەخێرهاتنی جێگری کونسووڵی گشتیی کۆماری پۆڵۆنیا و تیمی میدکارانی پۆڵۆنیایان کرد و، لە دیدارێکی دۆستانەدا باسی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری پۆڵۆنیا و چەندین بابەتی پەیوەست بە دۆخی هەرێمی کوردستانیان کرد. لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) شیکردنەوە بۆ مافە دەستوورییەکان و کێشەکانی نێوان هەریم و بەغدا و هەوڵەکانی هەردوو لا بۆ گەییشتن بە ڕێککەوتنێک لە چوارچێوەی دەستووردا کە هەم هەرێمی کوردستان و هەم حکوومەتی عێراقی فیدراڵ پیی ڕازی بن، کرا. هەڵسەنگاندنی هاوکێشەکانی ناوچە و ڕەهەندەکانی سەردانە مێژووییەکەی قەداسەتی پاپای ڤاتیکان بۆ هەرێمی کوردستان خرایە ڕوو و بە فراوانیش باسی کەلتووری لێبووردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان گەڵی کورد و خاوەن بیرۆباوەڕە جیاوازەکانی سەر بە نەتەوە و ئایینەکانی تر کرا کە لە سایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا گەشەسەندنی خێرای بە خۆیەوە بینیوە و لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیش بە چاوی ڕێزەوە لێی دەڕاوانن و سەردانە مێژووییەکەی قەداسەتی پاپا فرەنسیس بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق هێندەی تر بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە کوردستان و ناوچەکە بەهێزتر دەکات و دەرهاویشە و پشتیوانیی سیاسی و دەستووری و ئاشتی و یەکڕیزی بۆ سیاسەتی فرەکلتووری و فرەئایینی بەدوای خۆیدا دێنێت و هاندەرێکیش دەبێت بۆ نەهێشتنی تیرۆر و توندوتیژیی ئایینی و هزری و بڵاوکردنەوەی گیانی ئاشتی و لێبووردەیی و دادپەروەری و یەکترقبووڵکردن لە نێوان هەموو ئایین و نەتەوەکان و ڕیزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ و ئازادییەکانی تاک و مافەکانی مرۆڤ و هێنانە دیی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ڕێگریکردن لە ستەم و چەوساندنەوە و شەڕ و گەندەڵی و هەژاری و ئاوارەیی لە ناوچەکەدا.

تیمی میدیاکارانی پۆڵۆنیا سەرسام بوون بە شێوازی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پێشوازی لە پاپا فرانسیس لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش لە ڕووی دابینکردنی ئاسایش لە ئاستێکی بەرزدا و سەرخستنی پرۆگرامی دیدار و سەردانەکان و بە ڕێکۆپێکی بەڕێوەچوونی نوێژی ئاشتیی پاپای ڤاتیکان لە ستادیۆمی شەهید فرانسۆ حەریری لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کە بە ئامادەبوونی هەزاران کریستیان و خەڵکی سەر بە ئایین و نەتەوە جیاوازەکان و لەسەر ئاستێکی باڵاشدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە گەورە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە حکوومی و ناحکوومییەکان و هەموو چین و توێژەکان و کونسووڵی گشتی و نوێنەرانی ئۆفیسی دیپلۆماسیی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان بەشدار بوون، بەڕێوە چوو. ئەو ڕێوڕەسمەیان بە ڕووداوێکی گرنگ وەسف کرد کە لەو ڕۆژەدا چاوی ملیۆنان مرۆڤی جیهان لەسەر کوردستان بوو، زایەڵەی ئەم سەردانەی قەداسەتی پاپا لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەوە سەدایەکی مەزنی هەبوو و لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و لە ناوەندە سیاسی و دیپلۆماسی و میدیاییەکانیش بە گەشبینییەوە شرۆڤەی سیاسی و ستراتیژییان بۆ یەکەم سەردانی مێژووییی قەداسەتی پاپای ڤاتیکان کرد بۆ هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ کە خزمەت بە پێشکەوتن و ئاشتی و ئارامی و پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا دەکات.

جێگری کونسووڵی گشتیی کۆماری پۆڵۆنیا لە هەرێمی کوردستان شاگەشکەییی خۆی بە سەرکەوتنی دیداری مێژووییی پاپا فرەنسیس بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و بە دەستکەوتێکی مەزنیش بۆ کوردستان و ئەزموونەکەی و پەیڕەوکردنی سیاسەتی فرەیی و کەلتووری و پێکەوەژیان و لێبووردەییی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێناسەی کرد. لە دیدارەکەدا بەتایبەتی میدیاکارانی پۆڵۆنیا تایبەت بە سەردانی پاپا فرەنسیس بۆ هەرێمی کوردستان و دۆخی هەرێم و پێشکەوتنەکانی لە بوارە جیاجیاکاندا دیمانەیەکیان لەگەڵ هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.دک) بۆ میدیای پۆلۆنی کرد.