Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"حكومەت رەزامەندیی لەسەر دروستكردنی دەروازەی نێودەوڵەتیی (زێت) دەربڕیوە"

هەولێر-KDP.info- پێش ھاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كار بۆ كردنەوەی دەروازەیەكی سنووری لە سنووری پارێزگای ھەولێر لەگەڵ وڵاتی توركیا دەستی پێكردبوو، قایمقامی مێرگەسۆریش دەڵێ، سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیی بۆ دروستكردنی دەروازەی نێودەوڵەتیی (زێت) نیشان داوە.

غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھەوڵەكان بۆ كردنەوەی دەروازەی نێودەوڵەتیی (زێت) بەردەوامن، كە دەكەوێتە سنووری قەزای مێرگەسۆری پارێزگای ھەولێر، سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستانیش رەزامەندیی نیشان داوە بۆ دروستكردنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەروازەكە و قیرتاوكردنی رێگای دەروازەی (زێت)".

قایمقامی مێرگەسۆر دەشڵێت: "دیزاینێكی زۆر باش و بەپێی ستانداردی پێشكەوتوو بۆ دەروازەی (زێت) كراوە و رێگاكەش لە سەنتەری ناحیەی شیروان مەزن تا سەر سنوورە، كە ١٣ كیلۆمەترە و قیرتاو دەكرێت".

ئەحمەد روونیشی كردەوە: "لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەكرێت، تیمەكانی كاركردنیش چاوەڕێی گونجاویی رەوشی كەشوھەوای ناوچەكە دەكەن و لەگەڵ باشبوونی رەوشی كەشوھەوای ناوچەكە، دەست بە دروستكردنی كۆمەڵگەكە و قیرتاوكردنی رێگای (زێت) دەكرێت، كە كردنەوەی دەروازەكە، سوودی زۆری دەبێت بۆ ئەو ھاووڵاتیانەی لە سنووری ھەولێرەوە سەردانی وڵاتی توركیا دەكەن، ئەمە جگە لەوەی لە رووی ئابوورییەوە رێگاكە زۆر نزیك دەكاتەوە".

 

قائید میرۆ