Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"لێبووردەیی و پێكەوەژیان لە هزری بارزانیی نەمردا چەسپاو و نەگۆڕ بوو"

هەولێر-KDP.info- لە یادی ٤۲ـەمین ساڵڕۆژی مەرگی ژەنەڕاڵی كورد مەلا مستەفا بارزانی، نووسین و توێژینەوە لەسەر هەر لایەنێك لە بوارە فرەڕەهەندەكانی هزر و دیدگای مەلا مستەفای بارزانی  وەكو ڕێبەرێكی كارێزمایی، كارێكی ئاسایی و ئاسان نییە، وەك مامۆستایەكی پسپۆڕ لە مێژووی هاوچەرخی كورد دەڵێت، پێویستی بە خوێندنەوەیەكی ورد و ڕوانگەیەكی قوڵ بە مێژووی دەركەوتن و هەڵكەوتن و پاشانیش سەركەوتنی ئەو سەركردە مەزنە هەیە.

مستەفا شێخ محەممەدی بارزانی، لەدایكبووی۱٤ـی ئازاری ١٩٠٣یە و لە۱ـی ئازاری ١٩٧٩كۆچی دوایی كردووە، شۆڕشگێڕ و سیاسەتوانێكی كوردە، لە كۆماری مهاباددا ڕۆڵی ھەبوو، لە ١٩٤٦ـەوە ڕێبەری پارتی دیموكراتی كوردستان بوو. لە ١٩٦١ـدا شۆڕشی ئەیلوولی دژ بە حكوومەتی ناوەندیی ئەو كاتەی عێراقی دەست پێكرد. لە ١٩٧٩ـدا لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكادا بە ھۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

د. شوان محەمەدئەمین خۆشناو، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕ لە مێژووی هاوچەرخی كورد، بە ماڵپەڕیی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "نووسین و توێژینەوە لەسەر هەر لایەنێك لە بوارە فرەڕەهەندەكانی هزر و دیدگای مەلا مستەفای بارزانی وەكو رێبەرێكی كارێزمایی، كارێكی ئاسایی و ئاسان نییە و پێویستی بە خوێندنەوەیەكی ورد و روانگەیەكی قوڵ بە مێژووی دەركەوتن و هەڵكەوتن و پاشانیش سەركەوتنی ئەو سەركردە مەزنە هەیە. بارزانی، بە دیدگایەكی كوردستانییانەوە رێبەرایەتیی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەی كوردی كرد، كوردستان بە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكانەوە، وەكو چەترێك دڵنەوایی بە هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردستانی بەخشیبوو."

خۆشناو گوتیشی: "بارزانی تایبەتمەندیی لێبووردەیی و پێكەوەژیانی لە حوكمڕانانی دەوروبەر و سەردەستە وەرنەگرتبوو، ئەو وڵاتانەی كوردی بەسەردا دابەش كراوە هەمووی رژێمی تۆتالیتاری و سەركوتكاری بووە، بارزانیی نەمر لە شار پێنەگەیشتووە، بەڵكو لە دەڤەرێكی لیوان لێو لە بەرخودان و تەژی لە شۆڕش و شۆڕشگێڕی بۆماوەیی و لە ناوچەی شاخاویی بارزان گەشەی كردووە و پەڕیوەتەوە نێو دڵی نەتەوە.

ئەو، كاریگەریی سیستمی حكومڕانانی شێخانی بارزانی لەسەر بووە، گەریدە و موژدەدەری ئەمەریكی ویگرام لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا سەردانی ئەو ناوچەیەی كردووە، لە كتێبەكەیدا ئاماژە بەوە دەكات، شێخی بارزان یەكسانی تەواوی لە نێوان كورد و موسوڵمان و فەلەدا دابین كردووە و دەڵێت: لە بارزان جوو و فەلە و ئیسلامم بینی، هەروەها قەشەیەكم بینی پرسیاری شێخی ئیسلاممانم لێ كرد، لە وەڵامدا گوتی: ئەگەر مەبەستت شێخ عەبدولسەلامە، ئەوە شێخی هەموومانە لە ناوچەكە و تەنها شێخی موسوڵمانان نییە.

ئەو مامۆستایەی مێژووی هاوچەرخی كورد زیاتر دەڵێت: "دوابەدوای شۆڕشی 14ی تەموزی 1958 دوای گەڕانەوەی بارزانی لە یەكێتیی سۆڤیەت، ژمارەیەكی زۆری كوردی فەیلی و شەبەك و ئێزدی پەیوەندییان بە ریزەكانی پارتییەوە كرد. ئەم پەیوەندییە فراوانەی فەیلییەكان و ئایینزا و نەتەوەكانی تر، بۆ كەسایەتیی (بارزانی) دەگەڕایەوە، كە جیاوازی لە نێوان سۆرانی ‌و بادینی و موسوڵمانی سوننە و فەیلییەكان و نەتەوە مەسیحییەكانی (كلدانی و ئاسوری و سریان) و كوردی ئێزدی نەدەكرد، هەریەك لەو پێكهاتانە رۆڵی خۆیان لە ژێر ڕێبەرایەتیی بارزانی بینیوە.

دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول،  بارزانی هەمیشە لە بۆنەكان جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە، كە رژێمی دەسەڵاتداری عێراق و گەلانی عێراق دوو شتی جیان، ئێمە شەڕی عەرەب ناكەین، هاوكات بارزانی بۆ وەرگرتنی بیروڕای هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و چین و توێژەكانی كوردستان و بەردەوامبوونی ئاشتەوایی، سەبارەت بە بارودۆخی كوردستان لە هەموو كۆبوونەوە و ئەنجومەن و كۆنگرەكاندا بانگهێشتی عەرەب و توركمان و مەسیحی و كوردی ئێزدی و شەبەك و فەیلیی كردووە و بیروڕایان وەرگیراوە، وەك كۆنگرەی كۆیە 1963 و دامەزراندنی ئەنجومەنی سەركردایەتیی شۆڕش لە 1964 و كۆبوونەوەكانی تر.

د. شوان خۆشناو ئاماژەشی دا: "لەلایەكی دیكەوە بارزانی بایەخی زۆری بە زانا ئایینییەكان داوە و رێزی لێدەنان، پێش بەرپابوونی شۆڕشی ئەیلوول، پیاوانی ئایینی ئەو رۆڵەیان نەبوو، لە لایەن حكوومەتیشەوە ئەو بایەخەیان پێ نەدەدرا، گوزەرانیان باش نەبوو و چاویان لە دەستی خێرخوازان بوو، هەندێكیان ببوونە پیاوی سەرۆك هۆز و خزمەتی بەرژەوەندییەكانی ئەوانیان دەكرد، بارزانیی نەمر ئازایەتیی بۆ گەڕاندنەوە و بواری بۆ رەخساندن و پشتی گرتن بۆ ئەوەی خزمەتی گەل و شۆڕش بكەن، بۆیە جگە لە مەلا و زانای ئایینی ئیسلام، چەندین قەشە و شەماشە و  پیاوانی دیكەی ئایینی مەسیحی و بنەماڵە ناسراوەكانی ئاشووری و كلدانی كوردستان بەشدارییان لە شۆڕش كرد و رێبازی كوردایەتییان هەڵبژارد، بێگومان ئەوەش گۆڕانكارییەكی گەورەبوو لە بونیاتی هزری ئەوان و هاتنیان بۆ بەرەی میللەت".

دەشڵێ: "مێژوو ئاشێكە هەمووان دەهاڕێت و رەحم بە كەس ناكات، بارزانی یەكێكە لەو رێبەرە مەزنانەی بە گوێرەی دیفاكتۆی ناوچەكە و هەڵكەوتن و دەركەوتن و پێگەیشتن و بارودۆخی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی، پێویستی بە رەحمی مێژوو نییە و بە شكۆداری ناوی لە مێژوو دەمێنێتەوە، باسكردنی سێ چارەگی سەدەی بیستەمی مێژووی كوردان بە بێ باسكردنی سیاسەت و خەبات و رێبەرایەتی و بیری سیاسی و كۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتیی مەلامستەفا بارزانی و نەخشی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی و ئازادیخوازی كورد كامڵ نابێت."

فایزە كۆیی