هەولێر-KDP.info- بڕیارە لە سەرەتای مانگی داھاتوو پیشانگایەک بۆ کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان و وڵاتی چین بەڕێوە بچێت و سەرۆکی لقی ھەولێری یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانیش دەڵێت، چین دەیەوێت ڕۆڵی ھەبێت لە کەرتی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی لقی ھەولێری یەکێتیی ھاوردەکارانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە ڕۆژی ٨ی ئادار پێشانگایەک بۆ کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان و وڵاتی چین بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە بچێت و ٥٠ کۆمپانیای چینی و ٧٠ کۆمپانیای کوردستان بەشداری پێشانگاکە دەبن و بەرپرسانی ھەردوو وڵاتیش بەشداری دەکەن."
بەرپرسەکەی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکاران ڕوونی کردەوە: "کردنەوەی پێشانگاکە لە کاتێکدایە کۆتاییی ساڵی ڕابردووش پێشانگایەک بەڕێوە چوو و بووە سەرەتایەکی باش تا پێشانگای دیکەش بەدوایدا بێن."
گەیلان حاجی سەعید گوتیشی؛ "پێشانگاکە زۆربەی بوارەکان لەخۆ دەگرێت و بڕیارە وڵاتی چین ڕۆڵی کاریگەری ھەبێت لە کەرتی بازرگانی و ناردنی کۆمپانیا و کاڵای چین بۆ ھەرێمی کوردستان، بێگومان پێشانگاکەش دەرفەتی باش بۆ کۆمپانیا و بازرگانانی بەشدار دەرەخسێنێت."
قائید میرۆ