Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیوا حەمە ڕێگر: داعش دزەی کردووەتە نێو ھەندێ ناوچەی کەرکووک

کەرکوو-KDP.info- چەکدارانی داعش دزەیان کردووەتە نێو ھەندێ گوندی نزیک ڕێگەی سەرەکیی کەرکووک- ھەولێر و فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت، دزەکردنی چەکدارانی داعش بۆ ناوچەکە بۆ پەیداکردنی نان و پێداویستی بووە.

لیوا حەمە ڕێگر، فەرماندەی فەرماندەییی کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ژمارەیەک چەکداری داعش دزەیان کردووەتە نێو گوندەکانی نزیک شەقامی سەرەکیی کەرکووک-ھەولێر ھاووڵاتییانی ناوچەکە بە چاوی خۆیان ئەو چەکدارانەیان بینیوە لە گوندی شانشین، ھۆکاری دزەکردنی ئەو چەکدارانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ناوچەکە ھەندێ جووتیاری عەرەبی تێدایە و ھاوسۆزن لەگەڵ داعش لەبەر ئەوەش چەکدارانی داعش بۆ پەیداکردنی نان و پێداویستیی خۆیان دەخزێنە نێو ئەو گوندانە."

فەرماندەکەی پێشمەرگە دەشڵێت: "ئەو ناوچەیە پێشتر داعشی تێدا نەبووە، چونکە زۆرینەی خەڵکی ناوچەکە کوردن و ھەندێ گوندی عەرەبیش ھەیە لە نێوان دوبز و ناوچەکە، پێشتر ھێزی پێشمەرگە لە بەرزاییەکانی کانی دومەڵان جێگیر کرابوو کە ئێستا پێشمەرگەی تێدا نییە، داعش بە دەرفەتی زانیوە بێتە ناوچەکە."

لیوا حەمە ڕێگر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێستا داعش ئەوەندە بەھێز نییە مەترسی بنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکێکی زۆر ھەیە لە عەرەبەکانی ناوچەکە پێشتر داعش بوونە و ئێستا لەنێو ڕیزەکانی حەشدی شەعبیدان و ھەر بۆیان هەڵکەوێت بە نان و چەک و ئۆتۆمبێلی حکوومەت ھاوکاریی داعش دەکەن."

 

قائید میرۆ