Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قایمقامی ئامێدی: ئەمساڵ سەرجەم پڕۆژەکان تەواو دەکرێن

ئامێدی -KDP.info- قایمقامی قەزای ئامێدی گوتی، ھەفتەی داھاتوو دەست بە تەواوکردنی پڕۆژەکانی سنووری قەزای ئامێدی دەکەن کە ١٤٧ پڕۆژەیە و ئەمساڵ سەرجەم پڕۆژەکان تەواو دەکرێن کە بە گوژمەی ٨٠ ملیار دینارن.

قایمقامی قەزای ئامێدی، ئیسماعیل مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر ١٤٧ پڕۆژە بۆ قەزای ئامێدی بە گوژمەی ٨٠ ملیار دینار دا، دەست بە جێبەجێکردنی زۆرینەی پڕۆژەکان کراوە، بەڵام بەھۆی کەشوھەواوە ماوەیەک پڕۆژەکان وەستابوون، ئێستا کەشوھەوا خۆش بووە و بڕیارە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو دەست بە تەواوکردنی پڕۆژەکان بکرێتەوە."

قایمقامی قەزای ئامێدی گوتیشی: "٦٠ تا٧٠ پڕۆژە کاریان تێدا دەکرێت و کارەکەیان بەردەوام دەبێت و ئەوانەی دیکەش دەکەونە کار و بڕیارە ئەمساڵ سەرجەم پڕۆژەکان تەواو بکرێن و بەشێکی بواری کارەبا تەواو بوون و بەشێکی ڕێگاوبان لە مانگی چوار قیرتاویش دەکرێت."

ئیسماعیل مستەفا ڕوونیشی کردەوە: "نەخۆشخانەیەک بە گوژمەی ٥٣ ملیار دینار دروست دەکرێت کە ماوەی دوو ساڵی دەوێت تا تەواو دەبێت."

گوتیشی: "بڕیارە ئەگەر پارە بۆ بووژانەوەی پارێزگاکان تەرخان بکرێت، ئەوکات کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکەش بۆ سنووری قەزای ئامێدی جێبەجێ بکرێن."

بڵند ئیبراھیم