Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فارس عیسا: کۆتا پێشنیارمان داوەتە بەغدا لەبارەی پشکی ھەرێمی کوردستانەوە

بەغدا -KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەتی کردەوە شاندی ھەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە تا ئەوکاتەی پڕۆژەی یاسای بودجە دەخرێتە دەنگدانەوە و دەشڵێت، کۆتا پێشنیارمان داوەتە پەرلەمان ئەویش دەقی ڕێککەوتنی نێوان ھەردوو حکوومەتە.

فارس عیسا، نووێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێم لە کاتی ئێستادا ناگەڕێتەوە بەغدا، ئەوکاتە شاندی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە کە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بەڕێوە دەچن، نزیکبوونەوەیەکی باش لەنێوان ئێمە و بەغدا ھەیە لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەدا."

نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە بەغدا ڕوونی کردەوە: "ھیچ لەسەر شانی ھەرێمی کوردستان نەماوە لەبارەی ئەو دانوستانانەی بەڕێوە چوون، ئەوەی ماوەتەوە دەگەڕێتەوە سەر لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق تا ئەوان میزانیە ئامادە دەکەن."

فارس عیسا گوتی: "ئێمە ڕازین لەسەر ئەو دەقەی لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە نێردراوە و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و بەغدا لەسەری ڕێک کەوتوون، ھیچ بەدیلی دیکەمان نییە، ئەگەر ڕێککەوتنی سیاسی ھەبێت ئەوە دەنگ لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان دەدرێت، بەپێچەوانەوە ئاستەنگی سیاسی ھەبێت، دەنگ ناھێنێت."

 

قائید میرۆ