Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سبەی نیوەی پارەی قەرزی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت

بەغدا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دوای ھەوڵێکی زۆر حکوومەتی عێراق بڕیاری دا نیوەی پارەی قەرزی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی ڕابردوو خەرج بکات و سبەی بەڕێوەبەری سایلۆکانی ھەرێم دەچنە بەغدا بۆ وەرگرتنی چەکی پارەکە.

دکتۆر مەیادە نەجاڕ، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرھێنانی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "من خۆم بەدواداچوونم بۆ پارەی قەرزی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان کردووە و ماوەیەکە خەریکم تاوەکو بڕیاری خەرجکردنی دراوە و ئێستا حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە کە نیوەی پارەی قەرزی جووتیارانی ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ خەرج بکات."

د. میادە نەجاڕ گوتیشی: "بڕی ئەو پارەیەی بڕیارە خەرج بکرێت ٢٦٨ملیار دینارە و بڕیار بوو ئەمڕۆ بەڕێوەبەری ھەرسێ سایلۆی ھەرێمی کوردستان بچنە بەغدا و چەکی پارە بێنن بۆ ئەوەی پارەکە وەرگرن، بۆیە سبەی دەچن چەکی پارە وەردەگرن و دواتریش پارەکە وەردەگرن و بەسەر جووتیاراندا دابەشی دەکەن."

لەبارەی ئەو نیوەیەی دەمینێت، میادە نەجاڕ باسی لەوە کرد: "دوای ئەوەی نیوەی یەکەم خەرج کرا دەست بە ھەوڵەکان دەکەین بۆ ئەوەی بە ھەمان شێوەی ئێستا بەشی دووەمیش خەرج بکرێتت."

بڵند ئیبراھیم