Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە باڵیۆزى هۆڵەندا دەکات

ھەولێر-KDP. info-  پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە 2021/2/22 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز مایکل ڕێنتەنار، باڵیۆزى هۆڵەندا لە عێراق، کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا برەودان بە پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق لەگەڵ هۆڵەندا، دەرفەتى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى بیانى لە هەرێمى کوردستان و عێراق، ڕۆڵى هۆڵەندا لە چوارچێوەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى داعش، گفتوگۆى هەولێر ـ بەغدا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانیان و پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتیى عێراق، تاوتوێ کران.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى وێڕاى دەربڕینى سوپاس و پێزانینى هەرێمى کوردستان بۆ پشتگیرى و هاوکارییەکانى هۆڵەندا لە چوارچێوەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى داعشدا، دووپاتى کردەوە کە بۆ ڕەخساندنى زەمینەیەکى لەبارتر بۆ ڕاکێشانى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى بیانى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان، ئاسانکارى و یاساى هاندەر و چاککردنى دۆخى بانکدارى پێویستە و لەمبارەیەوە دەبێ هەنگاوى باشتر بهاوێژرێن.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێز هانز ئاکەربووم، کونسوڵى گشتیى هۆڵەندا لە هەرێمى کوردستان ئامادەى بوو، دۆخى ڕۆژنامەگەرى و ئازادیى ڕادەبڕین لە عێراق و هەرێمى کوردستان، هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق و گرنگیى ڕۆڵى چاودێریى نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیى ئەورووپا و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لە هەڵبژاردنەکاندا، پرۆسەى چاکسازى لە عێراق و هەرێمى کوردستان، پاراستنى ئارامى و سەقامگیرى لە عێراق و ڕێکار و هەوڵەکان بۆ باشترکردنى دۆخى ئابووریى عێراق و چەند پرسێکى دیکەى جێى بایەخى هاوبەش، خرانە بەر باس.