Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بڕیارە ئەمساڵ زیاتر لە ھەزار و ٤٠٠ مێگاوات کارەبا بەرھەم بھێندرێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی ئەو پلانەی لە لایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە دانراوە، کە ئێستا کاری تێدا دەکەن، ئەمساڵ ھەوڵ دەدرێت زیاتر لە ھەزار و٤٠٠ مێگاوات کارەبا بەرھەم بھێندرێت، ئەویش لە رێگەی بەکارخستنی یەکە لەکارکەوتووەکان و دروستکردنی وێستگەیەکی نوێ لە گەرمیان.

دیار تاھیر بابان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دەستمان بە کارکردن لە وێستگەی گەرمیان کردووە، کە توانای بەرھەمھێنانی ١٦٥مێگاوات کارەبای ھەیە و لە مانگی پێنجی ئەمساڵ تەواو دەبێت و دەچێتە ناو تۆڕی کارەبای ھەرێمی کوردستان و بەرھەم زیاد دەکات".

بابان گوتیشی: "کۆمەڵێک یەکەمان ھەیە بە ھۆی ئەوەی گازی سرووشتی نییە بۆیان دابین بکەین، کار ناکەن، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش پلانی داناوە و ئێستا کاری تێدا دەکات، بۆ ئەوەی گازیان بۆ دابین بکات و بریارە تا کۆتایی ساڵ دووسەد ملیۆن پێ سێجا گازی سرووشتی زیاد بکەن، کە لە دھۆک ھەشت یەکەمان ھەیە و یەکێکیان کار دەکات و یەکێکیش لە چەمچەماڵ کار ناکات، کە نزیکەی ١٠ یەکە کار ناکەن، جگە لەوەش وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کار دەکات بۆ بەستنەوەی کارەبای دھۆک بە ھەولێر، بۆ ئەوەی کە گاز دابین کرا، یەکەکانی ئەوانیش بخرێنە کار".

ناوبراو باسی لەوەش کرد، ھەر یەکەیەک بکەوێتە کار، ١٢٥مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنێت و ئەگەر ئەو یەکانە بکەونە کار و وێستگەی گەرمیانیش تەواو بێت، زیاتر لە ھەزار و ٤٠٠ مێگاوات کارەبای نیشتیمانی زیاد دەبێت.

دەشڵێ: "ژێرخانی ئێمە زیاتر لە شەش ھەزار و٧٠٠ مێگاوات کارەبایە، بەڵام ئەوەی بەکاری دەهێنین وەکو بەرھەم، ٣ھەزار و٧٠٠ مێگاواتە".

 

بڵند ئیبراھیم