Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی تەندروستی: خۆمان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین ئامادە کردووە

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ھەفتەی داھاتوو یەکەم وەجبەی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا دەگاتە کۆگاکانی عێراق و ئێمەش خۆمان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی پشکی خۆمان وەرگرین، چونکە پشکی ھەرێمی کوردستانیش لەو ڤاکسینە ھەیە، بۆ ئەو مەبەستەش لە دوو ڕۆژی داھاتوو لە ھەولێر خولێک دەکرێتەوە بۆ چۆنیەتیی بەکارھێنانی ڤاکسینەکە لە ھەرێمی کوردستان .

دکتۆر ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھەفتەی داھاتوو ئەو ڤاکسینەی حکوومەتی عێراق کڕیویەتی وەجبەی یەکەمی دەگاتە کۆگاکانی عێراق و پشکی ھەرێمی کوردستانیشی تێدایە. ئەو وەجبەیە ملیۆنێک و٥٠٠ ھەزار ڤاکسینە و تا ئێستا دیار نییە پشکی ھەرێمی کوردستان لەو ڤاکسینە چەند دەبێت."

دکتۆر ئاسۆ حەوێزی گوتیشی: "ئێمە وەکو وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆمان بە تەواوی ئامادە کردووە بۆ گواستنەوە و وەرگرتنی ڤاکسینەکان."

حەوێزی باسی لەوەش کرد: "تیم بۆ بەکارھێنانی ڤاکسین پێک ھاتوون و لە دوو ڕۆژی داھاتوو لە یەکێک لە ئۆتێلەکانی ھەولێر خولێکیش دەکرێتەوە بۆ چۆنیەتیی بەکارھێنانی ڤاکسین و زیاتر ئاشنا دەبن بە چۆنیەتیی بەکارھێنانی وەکو ڕاھێنانێک بۆ تیمەکان، بۆ ئەوەی ئاگاداری وردەکارییەکان بن."

گوتیشی: "ئەو ڤاکسینەش کە بڕیارە بۆ ھەرێمی کوردستانی ڕەوانە بکەن تا ئێستا نەگەیشتووەتە دەستمان"

بڵند ئیبراھیم