Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی پیرۆزبایی لە سەرۆکی تازەهەڵبژێردراوی پارتی (CDU) ئەڵمانیا دەکات

ھەولێر-KDP. info- پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزباییی بە بۆنەی هەڵبژاردنی بەرێز ئارمین لاشێت، وەک سەرۆکی تازەی پارتی کریستیان دیموکراتی فەرمانڕەوای ئەڵمانیای فیدراڵ لە کۆنگرەی ٣٣یەمی پارتی CDUدا ئاراستەی بەڕێزیان کرد.

کۆنگرەی پارتی کریستیان دیموکراتی فەرمانڕەوای ئەڵمانیا لە ڕۆژانی ١٥-١٦/١/٢٠٢١ بە بەشداریی (١٠٠١) کەس بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە چوو و لەسەر ئاستی کوردستانیش تەنیا شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی بانگهێشتی کۆنگرەکە کرابوو.

پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) لە پەیامی پیرۆزباییەکەیدا، بە ناوی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و گەڵی کوردستانەوە کە ئاراستەی سەرۆکی تازەهەڵبژێردراوی پارتی (CDU) کراوە، پیرۆزباییی لە سەرکەوتنی بەڕێز ئارمین لاشێت و کۆنگرەی ٣٣یەمی پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیای فیدراڵی کردووە و هیوای سەرکەوتنی بۆ بەڕێزیان و ئەو ئامانج و بەها پیرۆزانە خواستووە کە پارتی (CDU)  لەپێناویدا دامەزراوە و هەرەها بۆ گەشەپێدانی سەرکەوتنەکانی پارتەکەیان لە ئایندەدا.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامی پیرۆزباییەکەیدا بۆ سەرۆکی تازەی پارتی (CDU)  هیوای خواستووە کە هەڵبژاردنی بەڕێز لاشێت وەک سەرۆکی تازەی پارتی (CDU)  هاندەر و ڕێخۆشکەر بێت بۆ گەشەپێدان و بەهێزترکردنی پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان هەردوو گەلی کوردستان و ئەڵمانیای فیدراڵ و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا بەتایبەتی کە پەیوەندییەکی بەهێز و دۆستانە و مێژوویی لە نێوان (KDP) و (CDU)دا هەیە.

لە کۆتاییی پەیامی پیرۆزباییی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)دا هیوای سەرکەوتنی بۆ پارتی کریستیان دیموکراتی فەرامانڕەوای ئەڵمانیای فیدراڵی خواستووە لە هەڵبژاردنە فیدراڵی و گشتییەکانی کۆماری ئەڵمانیادا کە لە مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵ بەڕێوە دەچن.