Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"لە زاخۆ ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی جێبەجێ دەکرێن"

زاخۆ-KDP.info- بڕیارە لە سنووری قەزای زاخۆ ژمارەیەک پڕۆژەی کەرتی گەشتوگوزار جێبەجێ بکرێن و بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری قەزاکەش دەڵێت، بەشێک لەو پڕۆژانە ستراتیژین و لەسەر ئاستی عێراق نموونەن.

چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: " بڕیارە ژمارەیەکی بەرچاوی پڕۆژە لە سنووری زاخۆ بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە کە بەشێک لەو پڕۆژانە ستراتیژین."

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ دەشڵێت: "پڕۆژەی ''گەلی شەرانش'' و پڕۆژەی ''گەلی زاخۆ'' دوو پڕۆژەی ستراتیژین کە دیزاینیان بۆ کراوە و ئەمساڵ دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، بەتایبەتی پڕۆژەی گەشتیاریی گەلی زاخۆ، کە بڕیارە بکرێتە شارێکی گەشتیاری و بەپێی ستانداردی ئەورووپی دروست بکرێت، شاری گەشتیاریی زاخۆ ھەموو خزمەتگوزارییەکی تێدا دەبێت و دەبێتە یەکێکە لە پڕۆژە گەشتیارییەکان نەک لەسەر ئاستی کوردستان، بەڵکو لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە."

چیا ئەمین جەختی کردەوە: "چەندین پڕۆژەی دیکەی گەشتیاری ئامادە کراون لەنێو ماستەرپلانی گەشتیاریی زاخۆ، لەوانەش گرنگیدان بە خابووری زاخۆ و دروستکردنی چەندین پارک و پڕۆژەی ھەمەجۆر. سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش پاڵپشتیی خۆی بۆ گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری پێشان داوە."

قائید میرۆ