Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی ناوخۆ بۆ KDP: پڕۆژەیاساكه‌ی خانەنشینكردنی ھێزەكانی ناوخۆ تەواو بووە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، پڕۆژەیاسایەكی تایبەت بە خانەنشینیی ھێزەكانی ناوخۆ ئامادە كراوە و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە، بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت و رەوانەی پەرلەمان بكرێت، تا لەوێش دەنگی لەسەر بدەن و ئەوانیش پەسەندی بكەن.

دكتۆر سامی جەلال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "وەكو وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، پڕۆژەیاسایەكمان ئامادە كردووە تایبەت بە خانەنشینكردنی ھێزەكانی ناوخۆ و پڕۆژەكە تەواو بووە و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە، بۆ ئەوەی پەسەندی بكەن و رەوانەی پەرلەمانی بكەن بۆ دەنگدان و پەسەندكردن".

ناوبراو گوتیشی: "جارێ نامانەوێت باسی وردەكاریی پڕۆژەكە بكەین تاوەكو لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەند دەكرێت، نەبادا گۆڕانكاریی تێدا بكرێت و ھەر كاتێك پەسەند كرا، ئەوكات وردەكارییەكان روون دەبنەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە یاسایەكی تایبەت بە خانەنشینكردنی ھێزەكانی ناوخۆ دەردەكرێت".

لای خۆشیەوە، نزار مەلا غەفار، ئەندامی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "وەزارەتی ناوخۆ پڕۆژەیاساكەی ئامادە كردووە ولە ئەنجومەنی وەزیرانە، كە بڕیارە رەوانەی پەرلەمانی بكەن بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدەین و پەسەندی بكەین".

مەلا غەفار گوتیشی: "بڕیارە ئەم مانگە كۆتایی بە پشووی پەرلەمان بێت و مانگی داھاتووش ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەیاساكە رەوانەی پەرلەمان دەكەن، كە گەیشتە دەستمان، گفتوگۆی لەسەر دەكەین و راپۆرتی لەبارەوە ئامادە دەكەین و دواتر ئامادە دەكرێت بۆ دەنگدان و پەسەند دەكرێت".

 

بڵند ئیبراھیم