Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زێباری بۆ KDP: عێراق و ھەرێم نەگه‌نە رێککەوتن دۆخەکە خراپتر دەبێت

ھەولێر-KDP.info- راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆخی ناوچە کوردستانییەکان بە ھۆی زیادبوونی داعشەوە زۆر خراپ بووە و ئەگەر حکوومەتی عێراق لەگەڵ ھەرێم نەگاتە رێککەوتن، ناوچەکانی دیکەی عێراقیش دەگرێتەوە. دەشڵێ، بەغدا جگە لە ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێم، هیچ رێگایەکی دیکەی نییە.

بابەکر زێباری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ھەندێک شوێن لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بوونەتە مۆڵگە بۆ داعش بە ھۆی ئەوەی ھیچ ھێزێکی کوردی و عێراقیی لێ نییە، ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە، چونکە داعش لەوێ خۆیان رێک دەخەنەوە و کردەوە ئەنجام دەدەن، جگە لەوەش ئەو ھێزە عێراقیانەی لە ناوچە کوردستانییەکانن، چەندین جۆرە ھێزن و بێ سەرکردایەتین و ھەر کەسێکیش بە ئارەزووی خۆی مامەڵە دەکات، بۆیە دۆخی ناوچە کوردستانییەکان زۆر مەترسیدارە.

زێباری گوتیشی، داعش رۆژانە کردەوە ئەنجام دەدات و بەردەوام ھێرش دەکاتە سەر ھێزە عێراقییەکان و دەیانکوژێت، گوندەکانیش بەردەوام لە ترسی داعش چۆڵ دەکرێن، بۆیە رۆژ بە رۆژ دۆخەکە بەرەو خراپتر دەچێت و ئەگەر چارەسەری بنەڕەتی نەکرێت، زۆر زۆر خراپتر دەبێت.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، داعش کردەوەی پارتیزانی ئەنجام دەدات، بۆیە ئەگەر حکوومەتی عێراق لەگەڵ ھەرێم نەگاتە رێککەوتن، دۆخەکە خراپتر دەبێت و ناوچەکانی دیکەی عێراقیش دەگرێتەوە و تەشەنە دەکات، چونکە داعش بە ھۆی لاوازیی ھێزە عێراقییەکانەوە، زۆر بەهێز بووە.

دەشڵێ، حکوومەتی عێراق ھیچ رێگایەکی دیکەی نییە جگە لەوەی لەگەڵ ھەرێم بگاتە رێککەوتن، بەغداش نایەوێت بیکات، چونکە دەزانێت زۆرینەی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان کوردن و ناوچەی کوردستانین، ھەر بۆیەش ماددەی ١٤٠ جێبەجێ ناکەن، چونکە ترسیان ھەیە ناوچەکان بێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان، کە لە کۆتاییشدا ھەر وا دەبێت.

 

بڵند ئیبراھیم