Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە پەنای بەرگرییەوە، پێشێلکردنی سەروەری یاسا...

چاودێرێک

لەکاتێکدا کە باس لە سەروەری یاسا دەکرێت و باس لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دەکەین، دەبێ مەبەست لەم بابەتە ئەوەبێ کە چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاساکان بۆ دادوەر و دادگاکان لێگەڕێین و دەسەڵاتی دادوەری نەخرێتە ژێر گوشاری ئیعلامی بۆ ئەوەی بەگوێرەی ویست و بەرژەوەندی ھەمووان بڕیارەکانی دەربکات، بەڵکو دەبێ حکومەت بەپێی یاسای بەرکار حکومڕانی بکات و، پەڕلەمانیش بە ئەرکی دانانی یاسا و چاودێریکردنی چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاساکان لەلایەن حکومەتەوە ھەڵبستێ و، دەسەڵاتی دادوەریش لەچوارچێوەی یاساکان دا و بەو میکانیزمەی دیاریکردووە یاساکان جێبەجێ بکات، مەرجیش نیە بڕیارەکانی دادگا بەدڵی ھەموو کەس و لایەنێک بێت، بەڵکو مەرجە بڕیارەکان یاسایی بن.

دوو رۆژە چەند کەسێک دادگایی کراون و بڕیاری پێویستیان لە سۆنگەی ئەو کردەوانەی کردویانن بۆ دەرچووە، ھەندێ کەس و لایەن لەناوخۆی ھەرێم بۆ لادانی سەرنجی خەڵک و گرنگی پێدانی ئیعلامی و سیاسی لە ناوخۆ و دەرەوەیش بەرامبەر ئەو تاوانەی دەرحەق بە دانیشتوانی ھەرێم و ھاووڵاتیانی شاری ھەولێر کرا لەشەوی ١٥ لەسەر ١٦ـی ئەم مانگە بە ئاڕاستەکردنی ژمارەیەک موشەک لەلایەن گروپێکی تیرۆریستی کە زیانی گیانی و ماددی لێ کەوتەوە، بابەتی دادگاییکردنی ئەو چەند کەسەیان زیاد لەپێویست گەورەکردووە و لەپەنای ئەو بابەتەشەوە کەوتونەتە تۆمەت بەخشینەوە!.. باشتر دەبوو کۆبونەوە و لێدوان و نوسینەکان بۆ زیاتر دەرخستنی مەترسی و لێکەوتەکانی ئەو موشەک بارانکردنە بوایە و، بابەتی دادگاییکردنی ئەو چەند کەسە و چۆنیەتی و شێوازەکەی بۆ دام و دەزگا دادوەریەکان بەجێبھێڵن، بەتایبەتیش ئەوانەی کە بەردەوام باس لە سەروەری یاسا و سەربەخۆبوونی دادگاکانی دەکەن.