Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی قورسی ھەولێر دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئامادەکاریی تەواو بۆ پڕۆژەی ئاوی قورسی ھەولێر کراوە و لە ئێستادا تەندەریشی بۆ ئامادە کراوە و هەروەها دیزاینیشی بۆ کراوە، تەنھا ماوە دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت، کە بە گوژمەی ٣٠٠ملیۆن دۆلار لەسەر قەرزی ژاپۆنی دروست دەکرێت.

ئاری ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ماوەی ڕابردوودا گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی راوێژکاری ئەنجام درا، بۆ ئەوەی بابەتی دیزاینکردنی پڕۆژەی ئاوی قورسی هەولێر ئامادە بکات و ئێستاش ئەوە ئامادە کراوە و گەیشتینە قۆناغی تەندەرین، کە ئەویش ئامادەیە و تەنھا ماوە رابگەیەندرێت و دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت، بۆیە ئێستا کارەکانی تەواو بووە و ئەمساڵ دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت".

ئەحمەد گوتیشی، ٣٠٠ملیۆن دۆلار لەسەر قەرزی ژاپۆنی بۆ پڕۆژەکە خەرج کراوە و سەرەتا یەک لەسەر ھەشتی جێبەجێ دەکرێت، کە ٧٥کم ئاوەڕۆیە و یەک لەسەر ھەشتی وێستگەی خاوێنکردنەوەی ئاوەکەیە، کە پێی دەگوترێت پڕۆژەی ئاوی قورسی ھەولێر و تا پڕۆژەکەش تەواو دەبێت، سێ ساڵ دەخایەنێت.

ئەم پڕۆژەیە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی شاری ھەولێر و ئەو ئاوەی کە لە ماڵان بەفیڕۆ دەچێت، جارێکی دیکە خاوێن دەکرێتەوە و بەکار دەھێندرێت بۆ پارک و باخچەکان و، ئاوەڕۆکانیش بە شێوەیەکی سەردەمی دروست دەکرێن، بۆیە پڕۆژەیەکی گەورە و ستراتیژییە بۆ شاری ھەولێر و سوودێکی زۆری ھەیە.

 

بڵند ئیبراھیم