Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سیوەیلی بۆ KDP: ئەمەریکا لەگەڵ ئەوەدایە ھەرێمی کوردستان بەھێز بێت و پشتگیری دەکەن

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ئیدارە و سەرۆكی نوێی ئەمەریكا، پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ ھەرێم و بەرپرسانی ھەرێم، بە تایبەت سەرۆك بارزانی ھەیە و لەگەڵ ئەوەدان ھەرێمی كوردستان لە عێراق بەھێز بێت و پشتگیریی دەكەن.

ھۆشیار سیوەیلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كاتێك ئیدارەیەكی نوێی ئەمەریكا دەستبەكار دەبێت، گەڵاڵەی ستراتیژییەتی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان دەكەن و لەو ستراتیژییەش ھێڵە گشتییەكانی ئاسایشی نەتەوەیی و ستراتیژییەتی دەرەوە دادەڕێژن، كە جارێ ئیدارە نوێیە و سەرقاڵی داڕشتنی ئەو ستراتیژییەتەیە بۆ چوار ساڵی داھاتوو، كە دیدوبۆچوونی خۆیان بەرامبەر بە جیھان و رووداوەكانی جیھان دیاری دەكەن، رۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش بەشێك بووە لە ستراتیژییەتی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا و چاوەڕێ دەكەین ئەو ستراتیژییەتە دابڕێژرێت بۆ شێوازی مامەڵەكردنیان بەرامبەر بە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیبینین، ئیدارە و سەرۆكی نوێی ئەمەریكا، جیاوازیی زۆریان لەگەڵ سەرۆك و ئیدارەی پێشوو دەبێت، بە تایبەت لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و شێوازی مامەڵەكردنیان لەگەڵ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست".

سیوەیلی گوتیشی: "سەرۆك بایدن كەسێكی شارەزایە لە سیاسەتی پەیوەندیی دەرەوە و ئاڵۆزییەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و، چەندین جاریش سەردانی عێراق و ھەرێمی كوردستانی كردووە و لە نزیكەوە پەیوەندیی باشی لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێم و بە تایبەت سەرۆك بارزانی ھەیە، هەروەها لە چەندین كۆبوونەوەدا باسی داواكاریی كوردی كردووە لە عێراق و تێگەیشتنی باشی بۆ كێشەكانی ئێمە ھەیە، بەڵام ئێستا سەرۆكە و ڕەنگە جیاوازی ھەبێت، وەلێ لە بەرژەوەندیی كوردە و تێگەیشتنی باشی بۆ دۆزی كورد ھەیە".

بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی لەوەش كرد: "ئەمەریكا بەرامبەر عێراق پابەندە و ٢ھەزار و ٥٠٠ سەربازی لە عێراق ھەیە، بڕوا ناكەم كەمیشی بكەنەوە و زیادبوونیشی پەیوەستە بە دۆخی ئەمنی و زیاتربوونی داعش، بۆیە جارێ ھێزەكانیان بەو شێوە دەمێننەوە".

دەشڵێ، سەرۆكی ئەمەریكا و راوێژكارەكانی، شارەزاییەكی باشیان لەبارەی ھەرێمی كوردستان ھەیە و پەیوەندیی باشیان لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێم ھەیە و ئەمەریكاش پشتگیری ھەرێمێكی بەھێز لە عێراق دەكات و حەز دەكەن ھەرێم بەھێز بێت.

 

بڵند ئیبراھیم