Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی کۆنسوڵخانەی کۆماری میسر و شانشینی ئوردنی کرد

هه‌ولێر-KDP.info- هۆشیار سیوەیلی به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى پارتى دیموكراتى كوردستان بە یاورەی شاندێک سەردانی کۆنسوڵخانەی گشتی میسر و ئوردنی کرد.

هۆشیار سیوەیلی بەناوی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی دستبەکاربوونی لە بەڕێزیان کرد و ئومێدی سەرکەوتنی لە ئەرکی نوێیان بۆ خواست.  

سەرەتا سەردانی کونسوڵگەری گشتی کۆماری میسر کرا و لەلایەن بەڕێز محمد حیجازی پێشوازی کران و باس لە بەهێزکردن و فراوانکردنی پەیوەندییەکان کرا لە بوارەکانی دیبلۆماسی و سیاسی و بازرگانی و پەروەردەی و کەلتوری. لەو دیدارەدا بەڕێز حیجازی باسی لە بەرژەوەندی هاوبەش و ئەو دەرفەت و مەترسیانە کرد کە ڕووبەڕوی دەبینەوە پێویستی بە هەماهەنگی باشتر و بەهێزتر هەیە. لە درێژەی گفتوگۆکاندا مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سوپاسی هەڵوێستی مێژوویانەی گەل و حکومەتی میسر کرد و دووپاتی هاوکاری و بەردەوامی کاری هاوبەشی کردەوە. دانوستانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ باس کرا و هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونکرایەوە کە بریتیە لە پاراستنی مافە دەستووری و شایستەکانی گەلی کوردستان. 

پاشان شاندی پارتی سەردانی کۆنسوڵخانەی شانشینی هاشمی ئوردنی کرد و لەلایەن ھەڵسورێنەری کاروباری کونسولگەری، بەرێز عبدالرحیم یوسف حسن، پێشوازییان لێکرا. لە دیدارەکەدا باسی چەندین تەوەری جیاواز و تایبەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و حکومەتی فیدراڵ کران. پەیوەندییەکانی شانشینی هاشمی و پارتی دیموکراتی کوردستان بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە بوو. دوایین پێشهات و پەرەسەندنی ڕووداوەکانی ناوچەکە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون. دەربارەی گفتوگۆی نێوان هەرێم و فیدراڵ بەڕێز بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی جەختی لە گرنگی پابەندبوونی لایەنەکان کرد بە دەستوورەوە. بەڕێز سیوەیلی باسی لەو ئیرادەیە کرد کە لە بەغداد هەیە بۆ لادان لە دەستوور و گەڕانەوە بۆ ئەقڵیەتی مەرکەزی کە لەسەرەتای دروستبوونی عێراقەوە بوەتە هۆکاری نەهامەتی و ماڵوێرانی بۆ گەلانی عێراق بەگشتی و گەلی کوردستان بەتایبەتی. ئێمەی گەلی کوردستان بەشێکی سەرەکی بووین لە دووبارە بنیادنانەوەی عێراقی نوێ بەو مەرجەی کە لە دەستووردا هاتوو، بەڵام بەداخەوە لایەنەکانی ئێستای خاوەن دەسەڵات لە بەغدا کە کاتێک لە کوردستان دەحەوێنرانەوە، ئێستا لە دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان کار دەکەن، ئەمەش بوه‌تە هۆکاری بێ متمانەیی و گرژی لە نێوان گەلانی عێراق.  

لەکۆتایی ئەو دیدارانەدا جەخت لە گرنگی ئەو دیدار و گفتوگۆیانە کرایەوە بۆ زیاتر پتەوکرنی پەیوەندی و پەرەسەندنی بەرژەوەندییەکان و فراوانکردنی بۆ هەموو سێکتەرەکان.