Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ترسی دوژمنانی کورد لە سەرۆک بارزانی و پارتی

د.ڤیان سلێمان                  

قەوارەی دەستوری و دیموکراسی هەرێمی کوردستان؛ بەرهەمی قوربانیدان و شۆڕش و بەرخودانی گەلی کوردستان و بزاڤە ئازادیخوازەکەیەتی؛ ئەم ئەزموونە لە ئەنجامی ڕێککەوتننامەیەکی ناوخۆیی یان نێودەوڵەتی بەدەسنەهاتووە، بەڵکو وەک شەرعیەتێکی شۆڕشگێڕی و بەرخودانی هێزە کوردستانییەکان و جەماوەری کوردستان دڕی بە دەسەڵاتی دیکتاتۆرترین دەسەڵاتی سەردەم هێنا و هاتەبوون، لە ڕێگەی پرۆسەی دیموکراسییەوە دامودەزگای یاسایی و نیشتمانی بەرهەم هاتن و دوای پرۆسەی ئازادی عێراق وەک ستاتۆیەک لە دەستوری نوێی عێراقدا ناسێنرا، سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگ و کێشە و پیلانگێڕییانەی، کە بۆ هەرێمی کوردستان، دروستدەکرێن، بەڵام هەرێمی کوردستان بە خۆڕاگری ماوەتەوە و، بەڵکو لەنێو هەموو توندوتیژی و ناشیرینییەکانی ئەم ناوچەیە، پارێزگاری لە سەقامگیری و جوانییەکانی خۆی وەک قەوارەیەکی دیموکراسی کردووە، ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر هەرێمی کوردستان لە بەردەم پیلانگێڕی و دوژمنکاری نەیارانی دیموکراسی و پێکەوەژیان و مافی گەلاندایە.

پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک دێرینترین و گەورەترین حیزب، سەرەتا بە سەرۆکایەتی سەرکردەی شۆڕش و ڕابەری گەلی کوردستان بارزانی نەمر و دواتر و لە ئێستاشدا بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی، ڕۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی لە هەموو ئەو ڕووداوانە و  مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان هەبووە، خۆی لە خۆیدا؛ هەر لە سەرەتاوە دامەزراندنی پارتی  وەرچەرخانیک بوو لە فۆرم و ڕۆڵ و کاریگەری ئەو بزاڤە و شکڵگرتنی وەک بزاڤێکی سەرتاسەری شۆڕشگێڕی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و جەماوەری، هەر لەبەرئەمەش بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کوردستان تژییە بە ئامادەیی گەورە و کاریگەری پارتی و سەرکردەکانی و دەتوانم بڵێم؛ بە شێوەیەكی گشتی ئەو ڕۆڵە بەشی هەرە سەرەکی بزاڤەکەیە و لە هەندێک قۆناخیشدا کۆی ئەو بزاڤە، بە تایبەت کاتێک پارتی بە سەرۆکایەتی بارزانی نەمر، وەک سەرۆک و دامەزرێنەری پارتی و دواتر و لە ئێستاشدا سەرۆک بارزانی، هەمیشە لە قۆناخە سەخت و چارەنوسسازەکان نوێنەرایەتی پرسی گەلی کوردستانیان کردووە و هەرخۆیان سەرکردەی شۆڕش و بەرگریکاری پرسی ڕەوای کورد و پارێزەری خاکی کوردستان بوون، هەربۆیە بە درێژایی ئەو مێژووە تیری نەیارانی کورد و ئاڕاستەی هێرشەکانیان ڕووی لە پارتی و سەرکردەکانی بە تایبەت لەم سالانەی دواییدا لە سەرۆک بارزانی، بووە.

سەرۆک بارزانی، ئەو سەرکردەی وەرچەرخانی لە مێژووی بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کوردستان هێنایەکایە و ئەو سەرکردەی مێژوو دروستی نەکرد، بەڵکو خۆی مێژووی دروستکرد. سەرکردەیەک خوڵقێنەری ڕووداوی گەورە و بەدیهێنەری دەسکەوتی مەزن، کە لە هەموو مێژووی کورد و لە سەردەمی هیچ سەرۆک و سەرکردەیەکی دیکەدا، دەسکەوتی وا مەزن بە دەستنەهاتوون، لە پێش ڕاپەڕین و وەک نەخشەکێشی ڕاپەڕین و لە پرۆسەی ئازادی عێراق و ڕۆڵی سیاسی و دبلۆماسی لە بەدەسهێنانی پشتیوانی نیودەوڵەتی و یەکدەنگی ناوخۆیی و دواتریش وەک سەرکردایەتی شەڕی تێکشکاندنی داعش کە ناوچەکە و جیهانیشی گیرۆدە کردبوو، ڕۆڵ و کاریگەری  و کاریزمای سەرۆک بارزانی زیاتر درەوشایەوە و خۆشەویستی ئەو ڕابەرە مەزنە لە دڵی ئازادیخوازانی کوردستان زیاتر ڕووا، لە هەموو ئەوانەش گرنگتر دەرکەوتنی سەرۆک بارزانی، وەک ئەندازیار و ڕابەری پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی کورددا سەرکردەیەک لە پێناو مافی ڕەوای گەلەکەی تەحەدای ویستی خۆسەپێن و مەزهەبگەرا و هەژمونخوازی عێراق و هەرێمایەتی و بەرژەوەندخوازی جیهانی کرد و تەنها گوێی لە دەنگی ناخی گەلەکەی گرت، لە گرنگترین وێستگە و بارودۆخدا؛ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی تەنانەت لە ناوچە هەستیارەکان بە تایبەت لە کەرکوکی دڵی کوردستان ئەنجامدا و، لە کاتێکدا ویستی سەربەخۆیی کوردی بە جیهان گەیاند، لە هەمانکات کوردستانیبوونی کەرکوکی بە فەرمی و یاسایی سەلماند.

ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دوای کۆتایی هاتنی شەڕی داعش و سەرکەوتنی مێژوویی گەلی کوردستان بە سەرکردایەتی مەیدانی و پلانڕێژی سەرۆک بارزانی، لەو جەنگەدا؛ لە هەموو کات زیاتر ڕۆڵ و گرنگی سەرۆک بارزانی لەنێو کوردستان و لە هاوکێشە هەرێمایەتییەکان لەسەر ئاستی جیهان سەلماند، کە ئەگەر بارزانی بە قسەی گەورە وڵاتانی جیهان پاشەکشەی لە ریفراندۆم کردبا، بە دڵنیاییەوە بە دڵی ئەوان دەبوو، بەڵام سەرۆک بارزانی، سازشی لە مافی ڕەوای گەلی کوردستان نەکرد و خەمی خاک و چارەنوسی گەلەکەی خستە سەروو بەرژەوەندییە کەسی و حیزبییەکان و دواڕۆژی کوردستانی کرد بە ئەولەویەتی گرنگییەکانی، هەر ئەوەش ترس لە بارزانی، لای دوژمنانی کورد بەهێز و بەهێزتر کرد و لە هەموو کاتیش زیاتر ئاراستەی هێرشەکانی دوژمنانی کورد و بەکرێگیراوانی ناوخۆ، ڕوویکردە بارزانی و پارتی و کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانە. هەر لەوێشدا و کاتێک هەندێک لە هێزە کوردییەکان پشتیان لە گەل و ڕوویان لە دوژمن کرد و سەودایان بە دەنگ و چارەنوسی کوردەوە کرد، ئیتر دوژمنان زیاتر بۆیان دەرکەوت، کە پرسی کورد و کوردستان واتە بارزانی و بە نەبوونی ڕۆڵی کاریگەری بارزانی، پاشەکشە لە مافی چارەنوسی کورد ئاسانە و بە ئامادەیی و بەهێزی ڕۆڵی بارزانی و پارتی پاشەکشە لە مافە ڕەواکان نییە، بۆیە بەردەوام ڕووی تیری دوژمن لە بارزانی و پارتییە.

لەم کاتە سەخت و قۆناخە چارەنوسسازەدا؛ ئەرکی هەموو کوردێکی دڵسۆز، گشت کوردستانییەکی خەمخۆری خاکی نیشتمان، پشتیوانی سەرۆک بارزانی و پارێزەری خاک و بەرژەوەندییەکانی کوردستان بین و بە ڕۆحی پێشمەرگانە، هەرێمی کوردستان لە پیلانگێڕییەکان بپارێزین.