هەولێر-KDP.info- بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا ژمارەیەک پڕۆژەی وەبەرھێنان بخرێنە بواری جێبەجێکردن و بەرپرسێکی دەستەی وەبەرھێنانیش دەڵێت، ژمارەیەک لەو پڕۆژانە ستراتیژین و بەسەر ھەرچوار پارێزگادا دابەش کراون.
موخلیس سەلیم، بەڕێوەبەری گشتیی یاساییی دەستەی وەبەرھێنان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پلانی ئەمساڵی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ئامادە کراوە و خۆی لە یەک ھەزار و ٦٦ پڕۆژەدا دەبینێتەوە، کەرتەکاتی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار گرنگیی زیاتریان پێ دەدرێت، چونکە پلانی حکوومەتی ھەرێمە گرینگی بە ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی کوردستان بدرێت."
پەیوەست بەو پڕۆژانەی نیشتەجێبوون کە ئێستا کاریان تێدا دەکرێت، بەرپرسەکەی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان گوتیشی: "ساڵانی ڕابردوو ژمارەیەک پڕۆژەی نیشتەجێبوون مۆڵەتیان وەرگرتووە، بەڵام بەھۆی ڕەوشی ھەرێمی کوردستان جێبەجێکردنیان دوا کەوتووە، لەبەر ئەوەی ئێستا ئەو پڕۆژانە خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە وڵاتێکی بێ خاوەن و یاسا نییە تا ھەرکەسێک بە ئارەزووی خۆی و بەبێ مۆڵەت یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکات."
موخلیس سەلیم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ژمارەیەک لەو پڕۆژانەی بڕیارە ئەمساڵ جێبەجێ بکرێن، پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئێمە دەبنە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ھەرچوار پارێزگای ھەرێم کارگە و پڕۆژەی ستراتیژی جێبەجێ دەکرێن."
لەبارەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی ھەژار و کەمدەرات، موخلیس سەلیم دەڵێت: "دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت لە ڕێگەی وەبەرھێنانەوە لەژێر دیراسەتدایە."
قائید میرۆ