Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە پەرلەمان ھەوڵ دەدرێت بە پڕۆژەیاسایەک خزمەتی زیاتر بە پێشمەرگە دێرینەکان بکرێت

ھەولێر-KDP.info- ئەندامی لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان گوتی، پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە پێشمەرگەی دێرین لە پەرلەمانی کوردستان ھەیە کە کۆمەڵێک خاڵ لە خۆ دەگرێت و چەندین ئیمتیاز بۆ پێشمەرگەی دێرین دابین دەکات و سەرۆکی پەرلەمانیش بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەکە بەڵێنی داوە داوا لە سەرۆک بارزانی و لایەنەکان بکات ھاوکاریی پەرلەمان بکەن، چونکە دەستکەوتی ھەرێمی کوردستان بەرھەمی پێشمەرگە دێرینەکانە.

ئەندامی لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان، سەعید ھەرکی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پێشمەرگەی دێرین  و تێکۆشەرانی گوڵان سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد، لەبەر ئەوەی پڕۆژەیاسایەک لە پەرلەمانی کوردستان ھەیە تایبەت بە مافەکانی ئەوان و لەم کاتە ھەر پڕۆژەیەک ڕەھەندی داراییی ھەبێت ھەندێک زەحمەتە تێپەڕ بکرێت، چونکە حکوومەت لە ئێستادا توانای نییە، بۆیە ھەندێک پێشنیاری نوێ کرا ھەم لەسەر پڕۆژەیاساکە و ھەم لەسەر پڕۆژەیاسای خانەنشینیی پێشمەرگە، تا ھەندێک برگە کە جێبەجێ نەکرابوون پێداچوونەوەیان پێدا بکرێت، بۆ ئەوەی ئەو خاڵانەی پەیوەندییان بە ئەوانەوە ھەیە جێبەجێ بکرێن، وەکو ھەر ساڵێکی خزمەتی ئەوان بە دوو ساڵ ھەژمار بکرێت و ئەوانەی کە تەمەنیان لە خوار ١٦ ساڵ بووە ئەوانیش بگرێتەوە."

سەعید ھەرکی گوتیشی: "سەرۆکی پەرلەمانیش لە کۆبوونەوەکە بەشدار بوو ئەو ماددانەی ڕەھەندی دارایییان ھەیە جارێ بە ھەڵواسراوی دەمینێنەوە و ئەوانەی دیکە حکومەت جێبەجێیان بکات، ئەمەش پێویستی بە ھاوکاریی ھەموو لایەنەکان ھەیە و سەرۆکی پەرلەمان بەڵێنی دا کە لەگەڵ سەرۆک بارزانی و لایەنەکانی دیکەش قسە بکات، کە ئەوەی ھاوکاریی پڕۆژەکە بکەن بۆ ئەوەی تێپەڕ بکرێت."

گوتیشی: "ئەوە پڕۆژەیەکی نوێیە و دەیانەوێت کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان بکرێتە دەزگایەکی حکوومی، بەڵام ئەوە ڕەھەندی داراییی پێویستە، ئێمەش دەمانەوێت فشاری دارایی لەسەر حکوومەت دروست نەکەین، بەڵام ئەوان دەیانەوێت لەو دەزگایە مافەکانیان پارێزراو بێت."

ھەرکی ڕوونیشی کردەوە: "ھەوڵ دەدرێت کۆمەڵێک ئیمتیازات بۆ پێشمەرگەی دێرین بەپێی یاسا دابین بکرێت، چونکە دەستکەوتەکانی کوردستان بەرھەمی خەبات و ماندووبوونی ئەوان بووە، بۆیە پڕۆژەکە لە پەرلەمانە و داومانە بە لیژنەی یاسایی و بەھۆی ڕەھەندی داراییەوە ھەندێک دوا کەوتووە.''

بڵند ئیبراھیم