Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شێخ شامۆ: ئێزدییەکان ناگەڕێنەوە ژێر دەستی ھێزە ناشەرعییەکان

دهۆک-KDP.info-  ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەت بۆ کاروباری ئێزدییان، شێخ شامۆ، لە کورتە هەڤپەیڤێنێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا باسی چەندین تەوەری گرێدراو بە ڕەوشی ئێزدییان و شنگال دەکات و دەڵێت، ئێستا لایەنە نەشەرعییەکان شنگالیان کردووەتە سەربازگە و پرۆسەی بەتەشەیوعکردن تێیدا بەردەوامە.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: ئێستا ڕەوشی شنگال چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

شێخ شامۆ: هەڵبەت رەوشی شنگال زۆر خراپە، هەندێک لێدوانی بەرپرسانی حەشدی شەعبی دەبینین لێرە و لەوێ قسە دەکەن و دەڵێن کۆمەڵگای نیشتەجێبوون بۆ حەشد لە هەموو شار و شارۆچکەکان دروست دەکەین، ئەمەش مەترسیدارە و ئێستا پرۆسەی بەتەشەیوعکردنی شنگال بەردەوامە."

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: دوای ''ڕێککەوتنی شنگال'' ئێستا رەوشی شنگال مەترسیدارتر بووە، هێزە نایاساییەکان زیاتر بوون، ئەی ئەمە چۆنە؟

شێخ شامۆ: سەرەتا دڵخۆش بووین یوئێن و وەڵاتانی جیهان پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕێککەوتنەکەی شنگال دیار کرد، لەوە دەترساین هەندێک وەڵات ئەجیندای تایبەتی خۆیان لە شنگال ئەنجام بدەن، کەچی ئەنجامیشیان دا و تا ئێستاش ڕێگە نادەن ئەو ڕێککەوتنە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ڕەوشی شنگال لە دوای ئەو ڕێککەوتنە خراپتر بووە، حەشد دژوارتر بووە، پەکەکە بەهێزتر بووە و پرۆسەی بەشیعەکردنی شنگال سەری هەڵداوە."

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: خەڵک ژیانی کەمپەکانیان هەڵبژاردووە، کەچی هێزەکانی شنگال هەر دەڵێن ئەمنیەتی شنگال زۆرباشە؟

شێخ شامۆ: ئەگەر ئەمنیەتیان فوول بێت، ئەی خێرە هەموو خەڵک مەعاناتی کەمپەکانیان هەڵبژاردووە، نازانم ئەو هێزانە رۆژێکیان لە خۆیان پرسیوون بۆ خەڵک ناگەڕینەوە ناوچەکانیان! ئەی هۆکارەکە چییە!؟ دەبێ ئەو هێزانە بزانن هۆکارەکە هەر خۆیانن، خەڵک سەرما و گەرمای زستان و هاوینان هەدەڵدەبژێرن، بەڵام ژێردەستیی ئەو هێزانە قبووڵ ناکەن، چونکە دەزانن ئەوان ناشەرعین و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان لە شنگالن."

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: فەرماندە سەربازییەکانی عێراق دەڵێن هێزە نایاساییەکانمان دەرکردوون، کەچی پەکەکە خۆیان بەهێزتر کردووە، لێدوانتان لەم بارەییەوە چییە؟

شێخ شامۆ: هەموو ئەو قسانەی دەڵێن پەکەکە و حەشد شوێنەکانیان بەجێ هێشتووە ناڕاستن و هیچ بنەمایەکی ڕاست و دروستیان نییە، تەنیا جلوبەرگیان گۆڕیوە، یەک چەکداری پەکەکە لە شنگال دەرنەچووە، ئێستاش هەبوونیان مەترسییە لەسەر ئێزدییان."

ماڵپەری فەرمیی پارتی: فرەبازەنەییی هەڵبژاردن بۆ ئێزدییان مەترسی نییە؟ یان وەک هەمان سیناریۆی هەڵبژاردنی ڕابردوو دەنگی ئێزدییەکان دەفەوتێ؟

شێخ شامۆ: ئەگەر ئیستیقرار کەوتبا ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ و ئەو ناوچانەی ئێزدینشین شیوازی فرەبازنەیی بۆمان باشە، ئێستا ئەگەر جاران دەنگی ئێزدییەکان لە شنگال فەوتابان، ئێستا نا، چونکە تەنیا بۆ شنگال ٣ کورسیی پەرلەمانی دانراوە، ئەمەش جێگیر کراوە، کەواتە سێ کورسی مسۆگەری شنگالییەکانە، ئەم شێوازە فرەبازنەییە بۆ پێکهاتەکان باشە، بەڵام بەم بێسەروبەرییەی ئێستای شنگال کە پێمان وایە داگیر کراوە تەزویر دەکرێت.''

 

هەڤپەیڤینی کاروان باعەدرى