Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ساڵی رابردوو بە سەدان كارگە لە دھۆك دامەزراون

دهۆك-KDP.info- ساڵی رابردوو، بە سەدان كارگە لە پارێزگای دھۆك دامەزراون و سەرۆكی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی پارێزگای دھۆكیش دەڵێ، كارگەكان ھەزاران دەرفەتی كاریان رەخساندووە.

ئەیاد حەسەن، سەرۆكی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تەنیا لە ساڵی رابردوودا، ٣١٦ كارگەی جۆراوجۆر لە سنووری پارێزگای دھۆك كراونەتەوە و لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٢٠٠ كارگە دەستیان بە كاركردن كردووە و پێشبینی دەكرێت ئەو كارگانەی ماویشن دەستبەكار بن، كە كاریگەری لەسەر رەوشی بێكاری ھەبووە و تەنیا لەو كارگانەی دەستیان بە كار كردووە، دەرفەتی كاریان بۆ زیاتر لە سێ ھەزار كەس رەخساندووە".

سەرۆكی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی دھۆك دەشڵێت: "ئەگەر ئەو سەد كارگەیەی ماون دەستبەكار ببن، ئەوا بێگومان دەرفەتی زیاتری كار پەیدا دەبێت و بە سەدان كەس دەتوانن كاریان تێدا بكەن".

حەسەن روونیشی كردەوە: "رەوشی بازرگانی ئەمساڵ باشتر دەبێت، چونكە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، جووڵەی بازرگانی تووشی زیانێكی گەورە بوو، بەڵام دوای نیوەی ساڵی رابردوو، دیسان دەستی پێكردووەتەوە و ئێمەش پێشبینی دەكەین رەوش ئەمساڵ بەرەوپێشچوونی باش بەخۆیەوە ببینێت".

 

قائید میرۆ