Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

چ دیارییەکیان پێشکەشی بایدن کرد..!

غازی حەسەن

دوای ئەوەی جۆ بایدن وەکو سەرۆکی ئەمەریکا سوێندی یاسایی خوارد، دونیا بەگشتی بە تێڕوانین و هیوایەکی نوێ سەیری ئەم دەستپێکە نوێیەی ئەمەریکا و سەرۆکایەتی بایدن بۆ نێوەخۆ و دەرەوەی ئەمەریکا دەکەن.

ترەمپ، ترەمپاتی خۆی کرد، ئەو حەز دەکات ژمارە یەک بێت و ئەو بێ ڕکابەر بێت. بەڵێ؛ یەکەم سەرۆکە بۆ دووجار لە کۆنگرێس لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت. چوارەم سەرۆکیشە ئامادەی ئاهەنگی سوێندخواردنی ڕکابەرەکەی ناکات و بەچەند چرکەیەک پێش کۆتایی هاتنی دەسەڵاتەکەی بە کۆپتەرێک بەرەو فلۆریدا کۆشکی سپی جێهێشت.

ئەمە پرۆسەیەکی کەلتوری و کۆمەڵایەتی و سیاسییە، زۆر لەو کەسانەی لەسەرتاپای دونیا لەڕکابەریەک دەبەنەوە، یان کارێکی نوێ دەست پێ دەکەن، یان کارێکی جیاواز و ناوازە دەکەن، گەلێک هۆکاری دیکەش بۆ بەخشینی دیاریی بە کەسەکان هەیە. جۆ بایدن وەکو نەریتێکی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەچرکە ساتی یەکەمی سەرۆکایەتیدا، دوای سوێند خواردن، هەندێک دیارییان پێشکەش کرد، دیارییەکانیش شتی دیار و بەرجەستە بوون، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن پرۆسەی پێشکەشکردنی دیارییەکانی گواستەوە. چوار دیاریی بوو: (یەکەم تابلۆیەکی هونەری کە ساڵی ١٨٥٩ لەلایەن هونەرمەندێکی ئەمەریکی بەڕەچەلەک ئەفریقی- ئەمەریکی کێشراوە. دواتر دوو گۆزەی شوشە بەهێمای کۆشکی سپی و کۆنگرێس نەخشێنراو بوو، دیارییەکی دیکەش ئاڵای ئەمەریکا بوو، دوا دیاریش دوو وێنەی سوێند خواردنی خۆیی و جێگرەکەی بوو، کە تەنیا چەند چرکەیەک پێش پێشکەشکردنی دیارییەکان گیرابوو.

گرنگ لەدوا وێنەدا گوتیان، ئەمە نیشانەی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیایە، ئامانجمان ئەوەیە هەموو ڕۆژێک، کە ئەم وێنەیە دەبینن، بەبیرتان بێتەوە لەکوێ دەستتان پێکردووە. ئاڵاکەش نیشانەیە بۆ یەکگرتوویی و شکۆی ئەمەریکا. نیگارەکەش وێنەیەکی مێژوویی و سروشتیی ئەمەریکایە، کە کۆلکەزێڕینە بەڕەنگی جیاواز تێیدا بەرجەستە کراوە، واتە فرە ڕەنگی، ئاسودەیی. 

ئەمە چەند دیارییەکەی بەنرخ بوو، وەکو پەیام و هێمایەکی مەبەستدار پێشکەشی سەرۆکی نوێی ئەمەریکایان کرد. دیموکرات و  کۆمارییەکان بەیەکەوە (هێما و پەیام و مەبەستەکانی خۆیان) گەیاند. 

لەڕۆژهەڵاتدا ئەگەر یەکێک ببێتە سەرۆک، پێش هەموو شتێک دەبێت سەرتاپەکی وڵاتەکەی بەئاسمان و زەوییەوە پێشکەش بکەن و پێی دەڵێن ئەمە دیارییە بۆ جەنابتان چیتان پێخۆشە بیکەن. هەیانە وڵاتەکەی دەفرۆشێتەوە و هەشیانە پارێزگاری لێ دەکات. بەشێکی زۆری سەرۆکی وڵاتی ڕۆژهەڵاتی پارە، داهات، زەویی، تەنیا بەکۆمەڵ کوشتنی خەڵکیشیان پێشکەش دەکەن. ئەوانەی کودەتا دەکەن، سەری ڕکابەرەکانیان وەکو دیاریی پێشکەش دەکرێت. بەشێکی سەرۆکەکانی ڕۆژهەڵات بڕوایان بە هونەر و بیرهێنانەوە و ئامۆژگاریی و هێماکانی یەکبوون و یەکگرتن نییە.

بەشێکی زۆری سەرۆکەکانی ڕۆژهەڵات سوێند ناخۆن، تا وێنەیان بگیرێت، یان بڕوایان بەسوێند خواردنەکەی خۆیان نییە، تاکو هەموو بەیانییەک لەڕێگەی وێنەکەیانەوە، سوێندخواردنەکەی خۆیان بەبیر بێتەوە و شەرم لە هاووڵاتیان و چارەنووسی وڵاتەکەیان بکەن. بەشێکی زۆری سەرۆکەکانی ڕۆژهەڵات متمانە و بڕوایان بەوێنە و تابلۆی هونەری و پەیامی نێو گۆزەیەکی شوشەی نەخشێنراو نییە، لەڕاستیدا بەگرنگییەوە سەیری ئاڵای وڵاتەکەیان ناکەن، چونکە ئەوان وەکو کەس خۆیان بە هێما و نیشانەی هێز و مانەوە و یەکگرتووی وڵاتەکانیان دەزانن، نەک ئاڵاکەیان. بەشی زۆری سەرکردەکانی ڕۆژهەڵات، کاتی وەرگرتنی دیارییەکانیان نییە، پاسەوانەکانیان وەریان دەگرن و لەگوفەکێکدا هەڵیی دەگرن. لەڕاستیدا بەشێکی زۆری سەرکردەکانی ڕۆژهەڵات بڕوایان بەمێژوو نییە، چونکە ئەوان خۆیان بەدروستکەری مێژوو دەزانن، لەبەر ئەوە ڕقیان لەهەموو تابلۆ و گوتار و قسەیەکە، کە باسی مێژوو پێشەخۆی بکات. 

دیارییەکانی درانە بایدن، بیرهێنانەوە و ئامۆژگاریی و ڕێزگرتن بوو. بێگومان کارێکی یەکجار قورسە (ئامۆژگاریی و بیرهێنانەوە) پێشکەشی هەندێک سەرۆکی ڕۆژهەڵاتی بکرێت. 

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەریتەکە جیاوازە، سەرۆک بەملیۆنان دۆلار و بەتەن زێڕی پێشکەش دەکرێت. باسی ڕیزەکانی ئۆتۆمبێل و کارگە و سوپا ناکەین. کەلتور گرنگە بۆ هەموو کەسێک. لەم دیاریانە بە بایدنیان گوت مێژووی پێکهاتەی ئەمەریکا (ڕەش و سپی)ە، یەکبوون و یەکگرتوویی ئەمەریکا، ئاسایش و ئارامی نێوەخۆیی لەبیر مەکە، خۆت لەبیر نەکەی، هەر کە کارێکی هەڵە و نادروستت کرد، سەیری دیارییەکانت بکەوە، سەیری سوێند خواردنەکەی خۆت بکە، کە تۆ پارێزەری بەرژەوەندی گشتی و سەرەوەری ئەمەریکا و هێزی وڵاتەکەت دەبیت.

ئیدی بایدن سەرۆکە، هەموو بەیانیەک دەبێت سەیری ئەو وێنە دیارییانە بکات، چوار ساڵی دیکە بۆ هەمیشە دەبێت لەبیری بێت سوێندی بەچی و بۆچی و لەپێناو چی خواردووە. ئەوە دیاریی جۆ بایدن و ئەمەش بیرهێناوە و بەراوردێک لەگەڵ سەرۆکەکانی ڕۆژهەڵات.