Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فارس عیسا: گەشبینین ئەمڕۆ شاندی حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ پەرلەمانی عێراق بگەنە ڕێککەوتن

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، ئەمڕۆ شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ لیژنەی دارایی کۆدەبێتەوە، چونکە رێککەوتن لەگەڵ حکوومەت لەبارەی بودجەوە کراوە و تەنھا ماوە لەگەڵ پەرلەمان بکرێت، بۆیە ئەمڕۆ ھەوڵ دەدرێت لەگەڵ پەرلەمانیش بگەنە رێککەوتن.

فارس عیسا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە و بڕیارە ئەمڕۆ ئێوارە لەگەڵ لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، کۆبوونەوە لەبارەی پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، ساز بکەن.

عیسا گوتیشی، شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشتر لەبارەی پشکی ھەرێم لەگەڵ حکوومەتی عێراق کۆبووەتەوە و رێککەوتنیشی کردووە، تەنھا ماوە لەگەڵ پەرلەمان رێککەوتن بکەن، بۆ ئەوەی بێ گرفت پڕۆژەیاسای بودجە بە پشکی ھەرێمەوە تێپەڕێت.

ناوبراو باسی لەوەش کرد: "ھەرچەندە کۆمەڵێک تێبینیمان لەسەر پشکی ھەرێم لە بودجەدا ھەیە، بەڵام رازین بەو شێوەیەی ھەیە تێپەڕ بێت، بۆیە گەشبینین ئەمڕۆ شاندی حکوومەت لەگەڵ پەرلەمان بگاتە رێککەوتن".

 

بڵند ئیبراھیم