دهۆك-KDP.info- بڕیارە لە شاری دھۆك پڕۆژەیەكی ستراتیژی و ئاژەڵداری و بەرھەمە شیرەمەنییەكان جێبەجێ بكرێت، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆكیش دەڵێ، پڕۆژەكە دەبێتە ھۆی بەخۆماڵیكردنی بەرھەمی شیرەمەنی.
كوردۆ ئیحسان، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە پڕۆژەیەكی ستراتیژیی وەبەرھێنان بۆ بەرھەمە شیرەمەنییەكان جێبەجێ بكرێت و لەلایەن دەستەی وەبەرھێنانەوە مۆڵەتی وەرگرتووە، كە بڕیارە لە ناوچەی سێمێلی نزیك سەنتەری شاری دھۆك بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە، پڕۆژەكەش بە ناوی كاڤین، یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییە خۆماڵییەكان".
ئیحسان گوتیشی: "پڕۆژەكە بە گوژمەی ٤٠ ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەكرێت، كە توانای بەخێوكردن و بەرھەمھێنانی چەندین بەرھەمی شیرەمەنیی ھەیە و پێداویستیی ناوخۆ و ناوچەكەش دابین دەكات، ئەمەیش ھەنگاوێكی گرینگە بۆ زیادكردنی بەرھەمی ناوخۆ لەلایەن وەبەرھێنەرانی ناوخۆوە، جگە لەوەش، جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە كاریگەری لەسەر زیادبوونی دەرفەتی كار دەبێت".
قائید میرۆ