Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ناوەندی ڕەوەندی كورد، ساڵیادی دامەزراندنی كۆماری كوردستان پیرۆز دەكات

هەولێر-KDP.info- بە بۆنەی یادی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد، ناوەندی ڕەوەندی كورد لە  دەرەوە، پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:

 

 لە دەرفەتێكی زێڕینی مێژوویی گەلی كورد و ٧٥ ساڵ بەر لە ئێستا لە  ڕێكەوتی ٢٢ی ژانویەی ١٩٤٥ بەرامبەر بە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی، ڕۆژهەڵاتی كوردستان وەرچەرخانێكی گرینگی بە خۆیەوە بینی، كە دواتر بووە دەسكەوتێكی گرنگی مێژوویی بۆ هەموو گەلی كورد.

لەو ڕۆژەدا لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد، بۆ یەكەم جار لە مێژووی نەتەوەكەماندا، بە ڕێبەریی پێشەوا قازی محەمەد،  كۆماری دیموكراتی كوردستان ڕاگەیەندرا.

 

لە ناوچەیەكی دەسەڵات دیكتاتۆر، كە هاوكات ببووە شوێنی ململانێی زلهێزان، ڕاگەیاندنی كۆمارێكی دیموكراتی بۆ كورد،  لەگەڵ ئەوەی وەرچەرخانێكی مێژوویی و گرنگ بوو، هاوكات پەیامی ئەوەی تێدا بوو، كە نەتەوەكەمان دەتوانێ لە هەر دەرفەتێك بۆی بڕەخسێ، بە شێوەی ئەرێنی و دیموكراتی وێڕای پشتیوانی لەگەلی كورد، جیاوازیی ئەرێنی خۆشی لەگەڵ دەوروبەری نیشان بدات.

كۆماری كوردستان لە ماوەی یازدە مانگدا گەلێك دەسكەوتی گرینگ و مێژوویی تۆمار كرد، گەلێك سنووری ئازایانەی بەزاند و زۆر مێژووی درەخشانی تۆمار كرد، كە ئێستاش دەكرێ سوود لەو ئەزموونە وەربگرین. بەزاندنی سنوورە دەستكردەكان و هاتنی بارزانییەكان بە ڕێبەریی ژەنەراڵ مەلا مستەفا بازرانی بۆ هاوكاریی كۆمار و دەور و ڕۆڵی گرنگیان بۆ پاراستنی كۆمار و هاوكات پێشوازیی گەرم لە لایەن پێشەوا قازی محەمەد و باقی ڕێبەرانی حیزبی دیموكراتی كوردستان لە بارزانییەكان، یەكێك لەو وانانەیە باس لە پشتبەیەكبەستنی كورد و یەكنەتەوەبوونی كوردە ، سەرەڕای سنوورە دەستكردەكانی دوژمنانمان.

پێكهێنانی كابینە و بوونی یاسا و گرنگیدان بە پرسی ژنان و لاوان و خوێندنی كچان و ژنان، بەشێكی بچووك لە دەریای دەسكەوتە گرنگەكانی كۆماری كوردستان بوون.

گەرچی پاش یازدە مانگ ڕژێمی پاشایەتیی ئێران توانی بە ئیعدامی پێشەوا قازی محەمەد وەك سەرۆككۆمار و بەشێك لە ڕێبەرانی كۆمار ئەو ئەزموونە لەنێو بەرێ، بەڵام دەرس و ئامۆژگاری و ڕێبازی نەتەوەیی كۆمار هیچ كات لەو ماوەیەدا لە بیر و مێشكی تاكی كورددا لە بیر نەكراوە و هەوڵی  بوون بە دەوڵەتی كورد لە ڕیفراندۆمی پیرۆزی باشووری كوردستانەوە تا ئێستاش هەر بەردەوامە و دڵنیاین بە یەكیەتی و یەكڕیزی و هاودەنگیی هەموومان و هەموو خەباتكارانی نەتەوەیی كورد، كۆمارێكی دیكە لە چەشنی كۆماری كوردستان لە داهاتوویەكی نە زۆر دووردا دادەمەزرێ و خەون و هیواكانی، قازی و بارزانی و نەتەوەكەمان بەدی دێت.

 

بەرز و پیرۆز بێ یادی حەفتا و پێنج ساڵەی كۆماری كوردستان

سەركەوێ خەباتی ڕەوای گەلی كورد بۆ دەوڵەتی كوردستان

 

ناوەندی ڕەوەندی كوردی لە دەرەوە

٢١ی ژانویەی ٢٠٢١ی زایینی

٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی