Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"لە ھەرێمی كوردستان ١١ بەنداوی دیكە دروست دەكرێن"

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری بەنداوەكانی ھەرێمی كوردستان گوتی، بڕیارە بە بڕی ٣٣ ملیار دینار، ١١ بەنداوی دیكە لە ھەرێمی كوردستان دروست بكرێن، جگە لەوەش، پێشنیاز كراوە و پلان دانراوە ٩ بەنداوی گەورەش بنیات بنرێن.

 

ئەكرەم ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "بڕیارە ١١ بەنداو لە ناوچە جیاجیاكانی ھەرێمی كوردستان دروست بكرێن، كە ھەموو ئامادەكارییەك بۆ ئەم مەبەستە كراوە و دیزاینیشیان بۆ كراوە، كە بە گوژمەی ٣٣ملیار دینار ئەو بەنداوانە دروست دەكرێن و لە ئێستاشدا چاوەڕێ دەكەین پارەیان بۆ تەرخان بكرێت و دەست بە جێبەجێكردنیان بكرێت".

 

بەڕێوەبەری بەنداوەكانی ھەرێمی كوردستان گوتیشی، جگە لەو ١١بەنداوە، پلان دانراوە و پێشنیازیش كراوە بۆ ئەوەی ٩بەنداوی گەورەی دیكە لە ھەرێمی كوردستان دروست بكرێن، بەڵام ئەوانە بە ملیاران دۆلاریان پێویستە و بڕیارە لەگەڵ دەستەی وەبەرھێنان و لەلایەن وەبەرھێنەرانەوە ئەو بەنداوانە دروست بكرێن.

 

دەشڵێ: "ھەر كاتێك گەیشتینە رێككەوتن، دەست بە جێبەجێكردنی ئەو بەنداوانە دەكەین، كە زۆر گەورەن و سوودی زۆریان بۆ ھەرێمی كوردستان دەبێت، چونكە تەواوكردنیان بە لایەنی كەم شەش ساڵی پێویستە".

 

بڵند ئیبراھیم