Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ، فەرمانگەی پاسپۆرت لە ئامێدی دەكرێتەوە

ئامێدی-KDP.info- لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆ، فەرمانگەی پاسپۆرت لە قەزای ئامێدی دەكرێتەوە، قایمقامی ئامێدیش دەڵێ، شوێنەكە ئامادە كراوە و لە چەند رۆژی داھاتوودا فەرمانگەی پاسپۆرت بە فەرمی لە ئامێدی دەكرێتەوە.

ئیسماعیل مستەفا، قایمقامی ئامێدی، بە ماڵپەڕی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بڕیار درا بە كردنەوەی فەمانگەی پاسپۆرت لە سنووری قەزای ئامێدی و بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگاری دھۆك لەلایەن وەزیری ناوخۆوە راسپێرداوە، تا پەلە بكرێت بۆ كردنەوەی فەرمانگەی پاسپۆرت لە قەزای ئامێدی، كە یەكێكە لە بڕیارە گرینگەكان بۆ خەڵكی دەڤەری ئامێدی".

قایمقامی ئامێدی گوتیشی: "دوای دەرچوونی بڕیارەكە، ئێمە دەستمان بە رێكارەكان كردوە و شوێنێك بۆ فەرمانگەكە دیاری كراوە و پارێزگاریش ئاگادارە و رەزامەندە لەو شوێنەدا فەرمانگە بكرێتەوە، لە چەند رۆژی داھاتووشدا دوای كۆتاییھاتنی شەپۆلی بەفربارین لە ئامێدی، دەست بە كردنەوەی فەرمانگەی پاسپۆرت دەكرێت".

مستەفا جەختیشی كردەوە: "كردنەوەی فەرمانگەی پاسپۆرت لە قەزای ئامێدی، ھەنگاوێكی دیكەی حكوومەتی ھەرێمە بۆ خزمەتكردنی خەڵكی ئامێدی و دەوروبەری، چونكە رێژەیەكی بەرچاو ھاووڵاتی نیشتەجێی سنوورەكەن و رۆژانە ٧٠ كیلۆمەتر رێگا دەبڕن بۆ ئەوەی سەردانی دھۆك بكەن بۆ راییكردنی مامەڵەی پاسپۆرت، بەڵام دوای كردنەوەی فەرمانگەكە، ئیتر ھاووڵاتیان ھەر لە ئامێدی مامەڵەی دەرهێنانی پاسپۆرت دەكەن".

 

قائید میرۆ