Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"تا بودجە پەسەند دەكرێت، ھەرێمی كوردستان ناتوانێ نەوت رادەست بكات"

ھەولێر-KDP.info- وەزیری پێشووی دادی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، تا پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند دەكرێت، پێویستە لە خەرجكردنی یەك لەسەر ١٢ی بودجەدا، حكوومەتی عێراق پشكی ھەرێمیش بدات بەپێی یاسا و دەستوور، ھەرێمی كوردستانیش ناتوانێ نەوت رادەست بكات تا رێككەوتن دەكرێت.

شێروان حەیدەری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، پێویستە حكوومەتی عێراق بەپێی یاسا هەروەكچۆن  یەك لەسەر ١٢ی بودجە بۆ ئەمساڵ تا بودجە پەسەند دەكرێت خەرج دەكات، بە ھەمان شێوە پشكی ھەرێمی كوردستانیشی تێدایە و پێویستە مانگانە رەوانەی بكات، چونكە ھەرێم پشكی لە عێراق ھەیە و نەدانی نایاساییە.

حەیدەری گوتیشی، لە دەستووردا ھاتووە و ھەرەمەكی نییە و پێویستە بەغدا بەپێی رێژەی دانیشتووانی ھەرێم، پشكەكەی رەوانە بكات، چونكە ئەوە دەستوور دیاری كردووە و ھەرێمی كوردستانیش كێشەی دارایی ھەیە، بۆیە پێویستە چۆن مووچەی عێراق دەدات، بە ھەمان شێوە مووچەی ھەرێمیش بدات، كە ئەوەش نەكات، دەكەوێتە قالبێكی سیاسییەوە، بۆ ئەوەی فشار لەسەر ھەرێم دروست بكەن.

وەزیری پێشووی دادی حكوومەتی ھەرێم ڕوونیشی كردەوە، بەپێی یاسا تا رێككەوتن دەكرێت و بودجە پەسەند دەكرێت، ھەرێم مافی ئەوەی نییە لەخۆڕا نەوت رادەستی بەغدا بكات، بەڵام ئەوەی ھەیە بۆچوونێكە لەناو پەرلەمانی عێراق و بەشێكی كوردەكان لەوێ، چونكە ھەرێم ئامادەیە رۆژانە ٢٥٠ھەزار بەرمیل بداتە بەغدا و ئەوان كە داوای ھەموو داھات دەكەن، كارێكی رەوا نییە، لەبەر ئەوەی ئەوكات ھەرێم ناتوانێ پابەندییەكانی بەرامبەر كۆمپانیا نەوتییەكان جێبەجێ بكات.

 

بڵند ئیبراھیم