Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پێگە و مافی کوردستان بەو گوتارە ناپارێزدرێ

كه‌ریم قادر

بۆ نوێنەرانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێداگری دەکەن نەوت لە دەست حوکمڕانی کورد نەبێت؟ ئایا دەرهێنانی نەوت لە دەستی کورد خزمەت بە پێگە و بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دەکات، وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکەن؟ یا بە زمانی کوردی خزمەت بە بەرژەوەندی خەڵکی دیکە دەکەن، کە هەرێمی کوردستان هیچ پایەکی بە پێوە مانەوەی نەمێنێ؟ ئایا پێداگری کردن لەسەر ئەو فایلە و بابەتی هاوشێوەی دی، هیچ پەیوەندییەکی بە پرۆسەی چاکسازییەوە هەیە؟ یا پەیوەندی بەوە هەیە، کە کورد میللەتێکی چاو لەدەستە و نایەوێ خۆی بێت؟

ئەم کوتینەوە و کێڵانەوە بەردەوامە بێ غەرز نییە، هەر نیشتمانپەروەرێک یا ئازادیخوازێکی هەرێمی کوردستان درکی پێدەکات، کورد گوتەنی" ئەو قەسپەی دەیخۆن ناوکەکەی لەناو دەستی ئێمەیە"

با راشکاو بین لەگەڵ یەکتری، دوای زیندە بەچاڵ کردنی پرەنسیپی سازان و سەرپێخستنی پرەنسیپی زۆرینە و کەمینە لە پرۆسەی سیاسی عێراق، روون بوویەوە، کە بوونی نوێنەرانی کورد لە بەغدا، جگە لە جوانکردنی پرۆسەی سیاسی شێوێندراوی عێراق و سوودی کەسی هیچی دیکە نییە، تەنانەت مانەوەشیان بەو شێوەیە لە زیانی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندی خەڵکی دیکەیە، وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە هەندێ کەسەوە دەیبین.

ئێوە پیلانێکی نوێمان بۆ ئاشکرا ناکەن، کاتێک دەڵێن" لە سۆنگەی هەستکردن و ئاگاداربون لە هەستیاری گفتوگۆکانی ناو ناوەندی سیاسی عێراق بە گشتی و لیژنەی دارایی بە تایبەتی، بە پێویستی دەزانین دووبارە تەئکید لە رادەستکردنیی نەوت بە سۆمۆ بکەینەوە." ئەو مەیلە سیاسییەی ئێوە باسی دەکەن، کە لە ناوەندە سیاسییەکانی عێراق هەیە، سەرۆک بارزانی لە زوویێکەوە ئاشکرای کردووە، بەڵام ئەو کاتیش هەبوون لە سۆنگەی رق و خۆنەبینیندا بە دەنگی بەرز دەیانشیڕاند" هەرێمی کوردستان هیچ هەڕەشەیەکی لەسەر نییە." خۆ پێ ئاگادارن، ئەوکات مەلەفی رادەست کردنی نەوت بەرێگەی" سۆمۆ" لەئارادا نەبوو.

هەروا بێتەوە، چارەسەر کردنی ریشەیی مەلەفی نەوتی عێراق، وەک جێبەجێ کردنی ماددەی 140 و چارەسەرکردنی شاڵاوی تەعریب، لەدەست بەغدایە، نەک هەرێمی کوردستان. ئەویش لەرێگەی جێبەجێ کردنی دەستوور و تەواوکردنی بونیادنانی دامەزراوە فیدراڵییەکان و  دەرچوواندنی یاساکانی تایبەت بە داهات و بەڕێوەبردنی ئەم مەلەفە. ئەگەر ئێوە لە خەمی مافەکانی هاووڵاتیانی کوردستان دان، ئەرکی ئێوەی نوێنەران ئەوەیە، هەوڵەکانتان بەو ئاڕاستەیە چر بکەنەوە، نەک پێداگری بۆ" رادەستکردنی نەوت و نیشاندانی نیەتپاکیی سەرەتایی بۆ پابەندبون."

وەک بەرچاوڕوونیەک، رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی شنگاڵ باشترین نموونەی ئەو نیەتپاکییەیە، کە ئێوە و خەڵکی دیکە کردووتانە دروشمی ئێستاتان. بۆ ناپرسن کێ بەرپرسە لە جێبەجێ نەکردنی یا راستتر کێ توانای جێبەجێ کردنی رێککەوتنەکانی نییە؟

بەدیوێکی دیکە، ئایا پێداگری کردن لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان" گوتاری شەعبەویی و برەودانە بە رق و ناکۆکی" یا خۆکردن بە مەقاشی دەستی خەڵکی دی بێ بەها کردنی خوێن و خەبات و مافی هاووڵاتیانی کوردستانە؟ تەنانەت ئێوە، کە بە حساب نوێنەری کوردن لە بەغدا، هێندە زەلیل و کالفامن، مافی وەڵامدانەوەش بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە رەوا نابینن بۆ وڕێنەی پڕ لە قین و ناکۆک لەگەڵ ماددەکانی دەستوور؟ ئەو چ نا ئینسافێییە بەرامبەر پێگەو مافەکانی کوردستان، کە لە ئێوەی دەبینین و دەبیستین؟