Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د.جەعفەر ئیمینکی: بە ڕاشکاوی پەیامی پارتیمان گەیاندووەتە ھەندێ لایەنی عێراق

هەوڵێر-PKD.info- لەبارەی ئەجێندا و ئەنجامی سەردانی شاندی پارتی بۆ بەغدا د. جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە ھەڤپەیڤینێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا تیشک دەخاتە سەر نێوەرۆکی سەردانی شاندەکە و دەڵێت، ''بە ڕاشکاوی پەیامی پارتیمان گەیاندە زۆربەی لایەنی سیاسیی عێراقی دەربارەی هەندێک هەوڵ بۆ لاوازکردنی ھەرێمی کوردستان. "لەبارەی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانەوە، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، ئاشکرای کرد، ئەگەر ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەکە چارەسەر بکرێن، پارتی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ھەڵبژادنی پێشوەختەیە.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: ئەجێندای سەرەکیی سەردانی شاندی پارتی بۆ بەغدا چی بوو، ڕاستە بۆ ئەنجامدانی ھاوپەیمانی بوو؟

د. جەعفەر ئیمینکی: سەردانی شاندی پارتی بۆ بەغدا بۆ ئەنجامدانی ھاوپەیمانی نەبوو، بەڵکو ویستمان بزانین ڕەوشی سیاسی بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات، مانای ئەوە نییە بەرچاوڕوونیمان نییە لەبارەی ڕەوشی سیاسیی عێراقەوە، چونکە ڕەوشی سیاسیی عێراق، بەردەوام گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت و ئێمەش بەدواداچوونی بۆ دەکەین، بەڵام ویستمان بزانین شتی نوێ چیی تێدایە و چۆن دروست دەکرێن و پێشبینیی چ ئاراستەیەکی سیاسیی نوێ دەکرێت، لە نزیکەوە بەدواداچوونی ئەو بابەتەمان کردووە، دوور لە ڕەشبینی و گەشبینی پێویستە لەگەڵ پڕۆسەی سیاسی بڕۆین، ئەوە نییە چی لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە و چی لە بەرژەوەندیی ئێمەدا نییە، ئێمە وەک شاندی پارتی سەردانی بەغدامان کردووە، لەبەر ئەوەی ھەندێ پرس پێویستی بە دیدگا و بۆچوونی پارتی ھەبووە لەگەڵ ھەندێ لایەنی سیاسی، بەتایبەتی ئەوانەی بە چاوی گومان سەیری پارتی دەکەن و لە پەیوەندی و پێگەی  بەھێزی پارتی دەترسن، بەداخەوە ھەندێ لایەنی سیاسی بەخراپ خوێندنەوە بۆ پارتی و ھەرێمی کوردستان دەکەن، ئێمە ھەندێ دیداری تایبەتمان لەگەڵ ئەو لایەنانە ھەبوو، تا ئێمە و ئەوان لە یەک بگەین کە ئێمە نەگۆڕاوین، ئێمە ھەر ئەوەین عێراقی فیدڕاڵیمان دامەزراندووە و بەشداری سەرەکیی بووین.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: وەڵامی لایەنە عێراقییەکان چی بوو؟

د. جەعفەر ئێمینکی: لێک تێگەیشتنی باش ھەبووە لە دیدارەکانی بەغدا، بێگومان ئێمە لەجێی شاندی حکوومەت سەردانی بەغدامان نەکردبوو، بەڵام ئەرکی ئێمەیە وەک پارتی لە ھەموو شوێنێک بەرگری و پشتیوانی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەین، کێشەکانی حکوومەتی ھەرێم بە کێشەی خۆمانی دەزانین، ئەرکی ئێمەیە پشتیوانی لە ڕێککەوتنی نێوان ھەردوو حکوومەتی فیدڕاڵ و ھەرێم بکەین.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: هەوڵێک ھەیە بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنەکان، ئایا پارتییش لەگەڵ دواخستنی پڕۆسەکەیە؟

د. جەعفەر ئێمینکی: سیستەمی نوێی ھەڵبژاردن خۆی سیستەمێکی پڕە لە ئاڵۆزی و گرفت، ویستمان بزانین چ دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ھەڵبژاردن، ژمارەی ئەو لایەنانەی لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەن لە عێراق زۆر نین، بەپێچەوانەوە زۆربەی لایەنەکان لەگەڵ دواخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانی عێراقن لە ناوەڕاستی ئەمساڵ بو کۆتاییی ساڵ، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانیش لەگەڵ ئەوەدان ھەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت تا ساڵی ئایندە، ئەگەر بابەتی تەکنیکی نەبێت، ئێمە وەک پارتی ھەمووکات ئامادەین بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: دەگوترێت گرفت و ئاستەنگ لە بەردەم پڕۆسەکەدا ھەن، بەتایبەتی لە ڕووی تەکنیکییەوە؟

د. جەعفەر ئیمینکی: گرفتی تەکنیکی بۆ ھەموو لایەنەکان ھەن و دەخوازین چارەسەر بکرێن، داوامان کردووە ئەو ئاستەنگانەی لە بەردەمی پڕۆسەکە ھەن چارەسەر بکرێن، ناکرێت باس لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەختە بکەیت و چەندین کێشە ھەبن، وەک پرسی کارتی بایۆمەتری و ئامێرەکانی بایۆمەتری و چەندین کێشەی دیکە ھەن، ئەوە گرفتێکی گەورەیە، دابەشکردنی کارتەکان کێشەیەکی دیکەیە، ئەرکی کۆمسیۆنە کێشەکان چارەسەر بکات و قەوارە سیاسییەکان دڵنیا بکرێن لەوەی مافی ھیچ لایەنێک نافەوتێت."

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: ماوەیەکە ھەست بەوە دەکرێت ھەندێ هەوڵ ھەن بۆ لاوازکردنی ھەرێمی کوردستان و نیەتێک ھەیە لە بەغدا بۆ ئەوەی دەستوور ھەموار بکرێتەوە و دەستکاریی سیستەمی فیدڕاڵی بکرێت، شاندی پارتی بە ڕاشکاوی ئەوەی گەیاندە لایەنە عێراقییەکان؟

د.جەعفەر ئیمینکی: بەڵێ ئێمە پەیامێکی پارتیمان گەیاندە شەریکەکانمان لە پڕۆسەی سیاسیدا کە ئێمە نیگەرانین لە ھەندێ هەوڵی لاوازکردنی ھەرێمی کوردستان، ئێمە وەک پارتی باوەڕمان وایە ھەرچەندە پیلانیش ھەبن کەس ناتوانێت کیانی سیاسیی ھەرێمی کوردستان ھەڵوەشێنێتەوە، بەڵام ئەوەمان پێ ناخۆشە ھەندێ لایەن کە شەریکی ئێمەن لە حوکمڕانیی عێراقدا، لە عێراقەکی دیموکراتیی فیدڕاڵیدا، ببینین ھەندێ هەوڵی تێکدەرانە بدەن بۆ لاوازکردنی ھەرێمی کوردستان، ئەمە لە کاتێکدایە کە ھەرێمی کوردستان بە زیادەوە ئەرکەکانی خوی بەرانبەر بە حکوومەتی ئیتیحادی جێبەجێی کردووە، لە سەردەمی ھێرشی گرووپی تیرۆریستانی داعش دوو ملیۆن ئاوارەی عێراقیی لەخۆ گرتووە، ھەروەھا ڕۆڵی سەرەکیی ھەبووە لە شکاندنی تیرۆریستانی داعش، دیسان ھەرێمی کوردستان بووەتە مەڵبەندەکی خۆشگوزەرانی بۆ ژیان بەبێ جیاوازی و پەناگەیەک بۆ گشت عێراقییەکان.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: وەڵامی لایەنە عێراقییەکان چی بوو لەسەر نیگەرانییەکانی ئێوە؟

د. جەعفەر ئیمینکی: داوامان لە شەریکەکانمان کردووە بگەڕێنەوە بو شەراکەت و تەوافق و بە ڕاشکاوی پەیامی خۆمان گەیاندووەتە ھەندێ لایەن، سیاسەتی پارتی لەو بارەیەوە ئاشکرایە و ھیچ کات پارتی سیاسەتی دووڕووییی نەبووە و نایشیبێت، وەڵامی زوربەی لایەنە عێراقییەکان جێگەی خۆشحاڵیی ئێمە بوو و ھیچ لایەنێک لەگەڵ تێکچوونی پەیوەندییەکان و خراپکاری نەبوون، ئەوەی ئێمە دیتمان زۆر بەباشی باسی ڕۆڵی پارتی و سەرۆک بارزانی و ھەرێمی کوردستانیان دەکرد، ڕاستە ھەندێ لایەنی سیاسیی عێراقی باسی پەرتەوازەییی نێوماڵی کوردیان دەکرد، ئێمە بە ڕاشکاوی باسمان کرد کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان دەکات و ناکرێت ھەڵوێستی پەرلەمانتارێک بکرێتە پێوەر، شاندی ھەرێمی کوردستان نوێنەری ھەموو ھەرێمی کوردستانە لە بەغدا.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: بڕیار بوو شاندێکی باڵای سیاسی سەردانی بەغدا بکات سەردانەکە کەی ئەنجام دەدرێت؟

د. جەعفەر ئیمینکی: ڕاستە بڕیارە شاندێکی باڵای سیاسیی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، بەڵام ھێشتا کاتی سەردانەکە دیاری نەکراوە، سەردانەکە تەنیا بۆ پرسێکی دیاریکراو نییە، سەردانەکان بەردەوامییان دەبێت، چونکە پەیوەندیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ پێویستە و یەکێکە لە میکانیزمەکان بۆ ئەوەی لە ئایندەدا ھاوکاری و ھەماھەنگیی زیاتر بکرێت.

دیمانە: قائید میرۆ مزووری