Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھاوپەیمانان دوو لیوای دیكەی پێشمەرگە پڕچەك ده‌كه‌ن

هەولێر-KDP.info- بڕیارە لە چوارچێوەی ھاوكاری و ھەماھەنگیی ھاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، دوو لیوای دیكە پڕچەك بكرێن، بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێ، ھەموو پێداویستییەكی دوو لیوای نوێ، لەسەر ئەركی ھاوپەیمانان دابین دەكرێت.

لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە سەرەتای شەڕی داعشەوە، ھێزەكانی ھاوپەیمان دوو لیوای پێشمەرگەیان پڕچەك كرد و ئەمەش كاریگەری ھەبوو لەسەر ھێزی پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی شەڕی تیرۆریستانی داعش، ساڵی رابردووش ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ھەردوو لیوای ١٤و ١٦یان پڕچەك كرد و ھەموو پێداویستییەكی سەربازییان لە چەك و تەقەمەنی و ئۆتۆمبێلی گوللەنەبڕ بۆ دابین كردن و هەروەها مەشق و راھێنانیشیان بەو دوو لیوایە كرد".

بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: "بڕیارە دوو لیوای دیكەی پێشمەرگە دابمەزرێن، ئەوانیش لیوای ١٣و ١٥ن و ھەردوو لیواكەش لەلایەن ھاوپەیمانانەوە پێداویستیی سەربازییان بۆ دابین دەكرێت".

لیوا بابەكر، هەروەها روونی كردەوە: "ھاوپەیمانان بەڵێنی ئەوەیان پێ داوین ھاوكاریی زیاتری وەزارەتی پێشمەرگە بكەن، بە تایبەتی لە یەكخستنی ھێزەكانی پێشمەرگە و مەشق و راھێنان، ھاوپەیمانانیش بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بوونە، كە ئەمەیش ھەنگاوی زۆر گرینگن بۆ ئەوەی ھێزی پێشمەرگە لەسەر دەستی ھاوپەیمانان بە چەك و پێداویستیی پێشكەوتووی سەربازی، دابمەزرێن".

 

قائید میرۆ