Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیژنەی چارەكردنی كێشەی زەویی كەركووك دوو بڕیاری دەركرد

كەركووك-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی چارەكردنی كێشەی زەوی لە كەركووك گوتی: "لیژنەكەمان دوو بڕیاری لەبارەی زەوییەكانی كەركووكەوە دەركردووە، كە نابێت بە ھیچ شێوەیەك دەستكاریی زەوییەكان بكرێت تا چارەسەر دەكرێت و، هەروەها لەسەر سەرپێچییەكانیش، بانگھێشتی پارێزگار و بەڕێوەبەری كشتوكاڵ دەكرێت".

دكتۆر ناسر ھەركی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "لیژنەكەمان بەردەوامە لە گفتوگۆكردن لەبارەی چارەكردنی كێشەی زەوی لە كەركووك، بەڵام سەرەڕای ئەوەی بڕیارمان دابوو كە نابێت دەستكاریی زەوییەكان بكەن تاچارەسەر دەكرێت، عەرەبەكان بەردەوامن لە بەكارھێنانی زەوییەكان، بۆیە ئێمەش دوو بڕیارمان دا و بەردەوامیش دەبین تا بە تەواوی چارەسەر دەبێت".

ھەركی گوتیشی: "بڕیارمان داوە نابێت بە ھیچ شێوەیەك زەوییەكان بەكار بێنن و ئەگەر بەكاری بێنن، كوردەكان ئێمە ئاگادار دەكەنەوە، چونكە ناكرێت سەرپێچی بكەن. بڕیاری دووەمیش ئەوەیە، لەسەر ئەو كارە پارێزگار و بەڕێوەبەری كشتوكاڵ بانگھێشتی لیژنەكەمان دەكەین بۆ ئەوەی كێشەكە چارە بكەین".

دەشڵێ، لیژنەكە ھیچ وادەیەكی بۆ كاركردن نییە و، بەردەوام دەبێت تا بە تەواوی كێشەكە چارەسەر دەكات.

 

بڵند ئیبراھیم