Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ناكۆكیی نێوان كوتلەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران، پەسەندكردنی بودجە دوادەخات"

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی كوردی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، كێشەی زۆر لە نێوان كوتلە سیاسییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2021 هەیە، كە ئەمەش وا دەكات پەسەندكردنی دوا بكەوێت، دوایین وادەش بۆ پەسەندكردنی، 3ی مانگی داهاتوو دەبێت.

هەدار زوبێر بارزانی، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە سەعات (3)ـی ئەمڕۆ شەممە، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تەواوكردنی خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2021ی عێراق بەڕێوە بچێت، كە پێدەچێت كۆتا دانیشتن بێت بۆ خوێندنەوەی دووەم".

ئەو ئەندامە كوردەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەشڵێت: "ناكۆكییەكی زۆر لە نێوان كوتلەكانی نێو پەرلەمان هەیە لەبارەی پڕۆژەیاساكە، نەك تەنها سەبارەت بە پشكی كورد، كە پەیوەستە بە هەرێمی كوردستان، بەڵكو ئەو بڕگانەی كە تایبەتن بە پشكی پارێزگاكانیش كێشەی زۆریان لەسەرە، بۆ نموونە پارێزگای واست و نەینەوا و سەماوە و دیالە گلەییان لە پشكی خۆیان هەیە،‌ هەروەها پشكی وەزارەتەكان و، هەندێك لایەنیش دەیانەوێت پڕۆژەكە بگەڕێتەوە بۆ حكوومەت، كە ئەو داواكارییە یاسایی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا كێشەی سیاسی و ناكۆكییەكی زۆر لە نێوان لایەنە سیاسیەكاندا هەیە، بۆیە هەنگاوەكانی پەسەندكردنی دوادەكەوێت".

ناوبراو دەشڵێ: "پێدەچێت ئەو پڕۆژەیاسایە بە قورسی تێپەڕ بێت، لە كاتێكدا بەپێی پەیڕەوی ناخۆی پەرلەمان، بۆ پەسەندكردنی 3ی مانگی داهاتوو دوایین وادەیە، ئەگەر پەرلەمانیش لەو ماوەیەدا دەنگ بۆ پڕۆژەیاساكە نەدات، ئەوا بۆشاییەكی یاسایی دروست دەبێت و پەرلەمانیش تەنیا یەك مانگی لەپێشە".

هەدار بارزانی گوتیشی‌: "وەكو فراكسیۆنە ‌كوردستانییەكان تا ئێستا یەكهەلوێستین بۆ پشكی هەرێمی كوردستان و بەرگریی تەواو دەكەین".

حكوومەتی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2021ی رۆژی 29ی 12ی پارساڵ ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران كرد، كە بودجەی گشتی بە 164 ترلیۆن دینار و كورتهێنانی 71 ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە، هەروەها نرخی بەرمیلێك نەوتیش بە 42 دۆلار دیاری كراوە و پشكی هەرێمی كوردستانیش لە بودجەكەدا، بە لە سەدا 12.7 دانراوە.

 

نەشوان بەرزنجی