سۆران -KDP.info- بەرپرسی ھۆبەی مەشق و ڕاھێنانی دەستەی باڵای كۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە سنووری دەڤەری سۆران ڕاگەیاند، ھاووڵاتییان ڕۆژانە سەردانی بنکەکانی کۆمیسیۆن دەکەن بۆ پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدان لە سنووری ھەرچوار قەزاکانی سۆران و چۆمان و ڕواندز و مێرگەسۆر کە بەسەر 11 بنکەدا دابەش کراون و کارتی نوێیی دەنگدان دابەش دەکرێت .
ھێمن وەسمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بەردەوامە و ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر سەردانی بنکەکان دەکات ، بۆ دڵنیابوون لە ناوەکانیان لە شوێنی دەنگدان، ھەروەھا ئەوانەی تا ئێستا بایۆمەتریان نەکردووە ڕۆژانە سەردانمان دەکەن، پرۆسەکە ئەنجام دەدەن و ڕۆژانە نزیکەی ١٠٠ بۆ ١٥٠ کەس سەردانی بنکەکان دەکەن .
ھێمن وەسمان ئەوەیشی خستە ڕوو: "سەبارەت بەو دەنگدەرانەی تازەن پێویستە سەردانمان بکەن بۆ تۆمارکردنی ناوەکانیان و ئەنجامدانی بایۆمەتری لە دایکبووەکانی 2001 و 2002 و 2003 دەگرێتەوە، ھەرکارتێکی دەنگدان وێنەی لەسەر نەبێت ناتوانێت دەنگ بدات."
ناوبراو دەشڵێت: "داواکارن لە ھاووڵاتییان، ئەوانەی بایۆمەترییان نەکردووە و ناوەکانیان تازەن، ھیوادارین بە زووترین کات سەردانی بنکەکان بکەن و تاوەکو بتوانن لە ھەڵبژاردنەکانی عێراقدا بەشداری بکەن."
سیروان سابیر