Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی شارەوانی: بە هۆی چاكسازی لە سێكتەرێكدا، زیاتر لە ١٠ملیار بۆ حكوومەت گەڕاوەتەوە

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی كوردستان گوتی، پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی شارەوانی بەردەوامە و ھەر جارەو لە سێكتەرێكدا چاكسازی دەكرێت و ئەنجامەكەشی رادەگەیەندرێت. دەشڵێ، لە شارەوانیی ھەولێر، تەنیا لە نوێكردنەوەی گرێبەستی خاوێنكردنەوە، زیاتر لە ١٠ملیار دینار بۆ حكوومەت گەڕاوەتەوە.

كوردۆ شابان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەردەوامە لە چاكسازییەكان و پرۆسەی چاكسازییش درێژخایەنە و لە ھەر سێكتەرێكدا ئێمە چاكسازی بكەین، ئەنجامەكەی بۆ رای گشتی رادەگەیەنین، لە نوێترین چاكسازیشدا، چەندین مەرجی تازەمان بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستی ئەو كۆمپانیایانە داناوە كە كاری خاوێنكردنەوە دەكەن و گرێبەستی ھەولێر بە كۆتا ھات و ئێمەش بۆمان نوێ كردنەوە، بەمەش توانرا زیاتر لە ١٠ملیار دینار بۆ حكوومەت بگەڕێتەوە، ھەر كاتێك گرێبەستی سلێمانی و دھۆكیش تەواو بێت، بۆ ئەوانیش بەپێی مەرجە تازەكان نوێی دەكەینەوە".

گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردەوە،  لە گرێبەستە نوێكاندا چەند زۆنێكی خاوێنكردنەوە زیاد كراون و ئاستی كوالێتی پرۆسەكەش بە زیادكردن و بەرزكردنەوەی ژمارە و مۆدێلی ئۆتۆمبێل و ئامێرەكان بەرز كراوەتەوە، كە بە ھۆی ئەو چاكسازییەوە، ساڵانە پارەیەكی زۆر بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە.

شابان ئاماژەشی دا، گرێبەستی خاوێنكردنەوە لە ماوەی ڕابردوودا بۆ یەك ساڵ بریتی بوو لە (٢٩،٥٨٢،٧٥٣،٤٠٠ دینار) و ئەوەی نوێ پارەكەی زۆر كەم بووەتەوە و ئێستا بۆ ماوەی یەك ساڵ بووەتە (١٩،٥٢٥،٦٧٧،٣٢٤ دینار).

دەشڵێ، لەگەڵ زیادكردنی چەندین زۆنی نوێی خاوێنكردنەوە و بەرزكردنەوەی كوالێتی پرۆسە و زیادكردنی ئامێر و ئۆتۆمبێلیش كە لە گرێبەستی كۆن نەبوونە و لە نوێكەدا ھەن، واتە جیاوازی نێوان ھەردوو گوژمەی كۆن و نوێ بۆ یەك ساڵ، زیاتر لە (١٠) ملیار دینارە و بۆ حكوومەت گەڕاوەتەوە.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، گوژمەی كۆن و نوێ، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی ھەولێر، تەنیا بۆ ماوەی یەك ساڵ، بڕی نزیكەی (دوو ملیار دینار) كەم كراوەتەوە، واتە گرێبەستە نوێكان بە پارەیەكی كەمتر لە پرۆسەیەكی شەفاف لەگەڵ كۆمپانیاكانی ناوخۆ كراون و چەندین زۆنی نوێش لە سنوورەكە زیاد كراون، بە ھۆی ئەو چاكسازییەوە پارەیەكی زۆر بۆ خەزێنەی حكوومەت دەگەڕێتەوە و پرۆسەی خاوێنكردنەوەش ئەكتیڤتر و فراوانتر دەكرێت.

 

بڵند ئیبراھیم